دواڕۆژ، عیماد جەباری
نزیکەی دوو ساڵە پردە تەقێنراوەکەی ناحیەی پردێی نێوان کەرکوک و هەولێر چاکنەکراوەتەوە و هۆشداریشدەدرێت لەبارەی پردە ئاسنینەکەوە کە بەشێوەی کاتی دانراوە.
عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بەدواڕۆژی وت: "ئەو پردە ئاسنینەی دانراوە کاتییە و نابێت پشتی پێببەسترێت و پێویستە خەمێک لەچاککردنەوەی پردە تەقێنراوەکە بخورێت".
وتیشی: "پێویستە حکومەتی هەرێم و بەغدا هەوڵی خێرا بدەن بۆ چاککردنەوەی رێگەکە کە بەهۆی رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە زیانی بەرکەوت و هەردوو لای پردەکە رووخان".
ئەوەشی خستەڕوو: کە لەگەڵ پارێزگاری کاتی کەرکوک لەو بارەیەوە قسەی کردوە و پێی راگەیاندووە کە بودجەی چاککردنەوەی پردەکە زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکەش چاوەڕێی ناردنی بودجەی پارێزگاکە دەکەن.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور