هەولێر: لە سێ رۆژدا 160 كه‌س برینداردەبن

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019‌ :: 11669‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی 

بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر ئامارى ڕووداوەکانى سێ ڕۆژى نەورۆزی ڕاگەیاند و بەپێى ئامارەکەش 160حاڵەتى برینداربوون بەگولـلە و شەڕ و رووداوى هاتووچۆ و کەوتنەخوارەوە تۆمارکراوە.


(ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئازاری 2019) فاخیر کرمانجى، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پلانى نەورۆزیان بەتەواوەتى جێبەجێ کردووە، بەڵام خۆشبەختانە ڕێژەى سەردانیکردن لەڕۆژانى نەورۆزدا کەمتر بووە لەساڵانى ڕابردوو کە رێژەى سەردانیکردن بۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان ١٣ هەزار و یەک کەس بووە.

وتیشى: "بەهۆى ڕووداوەکانى هاتووچۆوە لەسنورى پارێزگاى هەولێر 64 ڕووداوى بریندارکردن تۆمارکراوەو یەک حاڵەتى خۆکوشتنیش تۆمارکراوە، هەروەها 65 حاڵەتى بریندارى کەوتنەوەخوارەوەو 26 رووداوى بریندارى کۆمەڵایەتى و شەڕکردن هەبووە، لەگەڵ 12حاڵەتى سوتان و 14 حاڵەتى ژەهراویبوون بەخۆراک، سێ رووداوى پێوەدانى مارو دووپشک تۆمارکراون".

ئەوەشى خستەڕوو: بەپێى حاڵەتەکان 426 حاڵەتى سکچوون و رشانەوە هەبووە لەگەڵ پێنج ڕووداوى بریندارى بەگوللـە و تەقەمەنى، 79 نەشتەرگەرى گەورە و 261 نەشتەرگەرى بچوکیش تۆمارکراوە، لەگەڵ 27حاڵەتى مردن و 47 ئیحالەى فریاگوزارى، هەروەها 133 هاووڵاتیش لەنەخۆشخانە خەوێندراون.

سەبارەت بەژمارەى لەدایکبوونیش وتى: "209 منداڵ لەماوەى سێ رۆژى نەورۆز لەدایکبوون کە 169 منداڵی کوڕ و 40 منداڵیش کچ بوون".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure