هەدەپە: لەم هەڵبژاردنەدا 120 شارەوانی دەبەینەوە
هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019 :: 257 جار بینراوە
"لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی هەدەپە زیاد دەكات"
دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت: لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانیان زیاد دەكات و چاوەڕوان دەكەن 120 شارەوانی بەدەستبێنن.
عابد ئیكە، نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی كوردستان (ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی ئازاری 2019) بە دواڕۆژی وت: "لە هەڵبژاردنی پێشتری شارەوانییەكانی توركیا و باكوری كوردستاندا دەنگێكی باشمان بەدەستهێنا، چاوەڕواندەكەین لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەكانمان هەڵبكشێن و شارەوانی زیاتر بەدەستبێنین".
ئاماژەی بەوەشدا: لە هەڵبژاردنی رابردوودا 102 شارەوانیمان بردەوە، چاوەڕێ دەكەین لەم هەڵبژاردنەدا 120 شارەوانی بەدەستبێنین، ئەگەر ئەو ژمارەیەش بەدەستنەهێنین و هەر شارەوانیەكانی پێشتر بەدەستمان بوون ببەینەوە، بۆ ئێمە بە بردنەوە و دەسكەوت و سەركەوتن هەژماردەكرێت.
بڕیاره رۆژی یهكشهممهى داهاتوو 31ی ئازاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا و باكوری كوردستان بەڕێوەبچێت.
عابد ئیكە، وتیشی: "بەبێ هیچ گومانێك كانديدى هەدەپە لە ئامەدی باكوری كوردستان بە دەنگێكی زۆر پێش كاندیدی لایەنەكانی دیكە دەكەوێت و دەرچوونی كاندیدی ئێمە لە ئامەد مسۆگەرە و ئەوە یەكلایی بۆتەوە".
باسی لەوەشكرد: بەپێی سەرجەم لێكۆڵینەوە و راپرسییەكان و لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی هەدەپە زیاد دەكات.
لەئێستادا بەهۆی نزیكبوونەوە لە رۆژەكانی كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە، ململانێی نێوان حزبە ركابەرەكان چۆتە قۆناغێكی نوێوە.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور