ئه‌مڕۆ پارتى وه‌ڵامى داواكانى یه‌كێتى ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019‌ :: 5443‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

پێشنیوەڕۆی (ئەمڕۆ یەکشەممە) كۆبوونه‌وه‌ى شاندى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌هاوینه‌هه‌وارى پیرمان له‌هه‌ولێر ده‌ستپێكرد و پارتى وه‌ڵامى داواكارییه‌كانى یه‌كێتى ده‌داته‌وه‌.


بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی شاندى دانوستانكارى یه‌كێتى و پارتى، پارتى به‌ره‌سمى وه‌ڵامى داواكارییه‌كانى یه‌كێتى بۆ پێدانى پێنج پۆست له‌كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێم بداته‌وه‌.

یه‌كێتى داواده‌كات پۆسته‌كانى (وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان و فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌روه‌ى هه‌رێم و ئاژانسى پاراستن و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت)ى پێبدرێت.

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: چاوه‌ڕوانین ئه‌مڕۆ پارتى وه‌ڵامێكى روونى هه‌بێت بۆ داواكارییه‌كانى یه‌كێتى.

شاندى یه‌كێتى له‌ عیماد ئه‌حمه‌د و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و له‌تیف شێخ عومه‌رو عه‌دنانى حه‌مه‌ى مینا و شاڵاو كۆسره‌ت رسول و لاهور شێخ جه‌نگى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى پێكدێت.

شانده‌كه‌ى پارتیش له‌ كاكه‌مین نه‌جاڕو كه‌مال كه‌ركوكى ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى و هێمن هه‌ورامى و عه‌لى حوسێن و عه‌لى عه‌ونى و فرسه‌ت سۆفى و دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پێكدێت.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure