ئامادەکاری بۆ راکێشانی بۆرییەکی نوێ لەنێوان کەرکوک و تورکیا دەستیپێکردووە

هەواڵ / ئابوری :: 24/03/2019‌ :: 404‌ جار بینراوە
پێشتر دوو بۆری گواستنەوەی نەوت لەنێوان کەرکوک و تورکیادا هەبوون

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئامادەکارییەکان بۆ راکێشانی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت لەپارێزگای کەرکوکەوە بۆ بەندەری جیهان لەتورکیا دەستیپێکردووە.


سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای نەوتی باکور (ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئازارى 2019) بەدواڕۆژی وت: "پێشتر دوو بۆری گواستنەوەی نەوت لەنێوان کەرکوک و تورکیادا هەبوون، بەڵام لەساڵانی دواییدا بەهۆی تەقاندنەوەو کونکردنی بۆرییەکە بەمەبەستی دزینی نەوت، وایکرد بۆرییەکە بەکەڵک نەیەت".

وتیشی: "لەئێستادا حکومەتی عێراق پلانی داڕشتووە بۆ راکێشانی هێڵێکی نوێی گواستنەوەی نەوت بۆ تورکیا و تەندەرەکەشی خستووەتە بەردەم کۆمپانیاکان".

روونیشیکردەوە: کە هێڵەکە لەکەرکوکەوە دەچێتە ناحیەی ریاز و بێجی و دواتر بۆ دەشتی موسڵ و پاشان لەڕێگەی زاخۆوە دەچێتە تورکیاوە، لەئێستاشدا وەکو ئامادەکاری سەرقاڵی دروستکردنی وێستگەکانن.

حکومەتی عێراق لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە، رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک هەناردەی بەندەری جیهان دەکات کە لەدوبزەوە دەچێتە خورمەڵە و پاشان بۆ بەندەری جیهان.

لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێڵگەکانی بای حەسەن و هاڤانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەغدا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای بیپی بەڕیتانی ئەنجامدا بەمەبەستی پێشخستن و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەرۆژێکدا بگاتە 700 هەزار بەرمیل کە لەئێستادا بەوتەی وەزیری نەوت رۆژانە 300 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure