كەپرەكانی دوكان لە مانگی 12وە گەیشتبوونە دە بەرامبەری رۆژانی ئاسایی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/03/2019‌ :: 12577‌ جار بینراوە
سەیرانگای دوکان

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
 
هێشتا باران و بەفر و سەرمایە، كەچی هاووڵاتیان بیر لە خۆرەتاوی بەتینی یەكەم رۆژی نەورۆز دەكەنەوە، چۆن جلوبەرگی كوردی بپۆشن و گۆشت بە شیش ببرژێنن و یاپراخی كوردەواری پڕ لە پەراسوو نۆش بكەن، هەر ئەم خەیاڵە خۆشانەیان وای كرد لە مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە كەپر و كابینەكانی ناوچەی گەشتیاری دوكان زۆربەیان گیرابوون بە نرخی دە بەرامبەری رۆژانی ئاسایی.

 
هێشتا دنیا تاریك و روونە، هاووڵاتیانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی كوردستان بە جلوبەرگی كوردیی و بە كۆڵێ‌ خواردنی خۆشی كوردەوارییەوە لە 21ی ئازاری هەموو ساڵێك بەڕێدەكەون بەرەو سەیرانگەی دوكان، هەندێ‌ جار رۆژی پێشتر یاخود بەشەو دەچنە ئەو سەیرانگایە تا شوێنێكی بچوكیان بۆ دانیشتن بەربكەوێت، ئەگەر كەپر و كابینەشیان گرتبێ‌ ئەوە باشتر.
  
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە رۆژانی نەورۆزدا جیاواز لەكاتی ئاسایی، كابینە و كەپرە گەشتیارییەكانی سەیرانگەی دوكان چەند بەرامبەر نرخەكانیان لەسەر هاووڵاتیان و گەشتیاران گران دەبێت.
 
كاروان حەسەن، سەرپەرشتیاری یەكێك لەكەپر و كابینە گەشتیارییەكان لە دوكان، بە دواڕۆژی وت: "ئێمە سەیرانكەری تایبەت بە خۆمان هەیە كە لە هەموو بۆنەكان دێنە كابینە و كەپرەكانمان، بۆیە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوەوە كەپر و كابینەكانمان دەگیران بۆ یەكەم رۆژی نەورۆز، واتا مانگێك پێش نەورۆز هیچ كابینە و كەپرێكی بەتاڵمان نەمابوو".
 
وتیشی: "ئەو كەسانەی كابینە و كەپرە گەشتیارییەكانی ئێمەیان گرتبوو هەموویان كوردی خۆمان بوون، تەنیا سێ‌ ماڵی عەرەبی تێدابوو، ئەوانیش خزمە كوردەكانیان بۆیان گرتبوون پێشتر".
 
كاروان حەسەن، باسی لەوەشكرد كە پێشتر كەپری بچوكیان بۆ رۆژێك بە 30 هەزار داوە بە كرێ‌، بەڵام لە رۆژی نەورۆزدا داویانە بە 100 هەزار دینار، هەروەها كەپری دەبڵ لە رۆژی ئاسایدا بە 50 هەزار داویانە بە كرێ‌، لە نەورۆزدا داویانە بە 200 هەزار دینار، جگە لەوەش كەپری تایبەتیان لەبەردەم ئاوەكە داوە بە 210 هەزار دینار.
 
بەوتەی كاروان لە رۆژانی نەورۆزدا كابینەی بچوكیان بۆ یەك شەو بەكرێ‌ داوە بە 100 بۆ 150 دۆلار كە پێشتر لەكاتی ئاساییدا داویانە بە 75 دۆلار، هەروەها كابینەی گەورەیان داوە بە 200 دۆلار بۆ یەك شەو و كابینەی تایبەتی نزیك ئاوەكەشیان داوە بە 300 دۆلار.
 
ئەو خاوەن كەپر و كابینە گەشتیارییە، ئەوەشی خستەڕوو: سەرجەم كابینە و كەپرە گەشتیارییەكانی دوكان بە مانگ پێش نەورۆز گیرابوون لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەشێكی كەمیان نەبێت رەنگە تاك و تەرا لەو رۆژەدا بە كرێیان دابێت، هەمووشیان لەگەڵ گرتنی پارەكەیان وەرگرتووە.
 
باسی لەوەشكرد: لای خۆمان كەپر و كابینە نەمابوو لە رۆژی نەورۆزدا بە هەزار دۆلار بۆ یەك شەو كابینەی دوو ژووریم بۆ خزمی خۆم گرتووە لە قەشقۆڵی كە پێشتر نرخی ئەو كابینەیە لەنێوان 75 بۆ 100 دۆلار بوو.
 
لە رۆژانی نەورۆزدا نرخەكان هێندە بەرزببونەوە لە سەیرانگەی دوكان، بە جۆرێك كەپرەكان بە 150 تا 200 دۆلار و كابینەش لە 600 دۆلار كەمتر نەبوو كە تا 1000 دۆلار بوو بۆ تەنها شەوێك.
 
ئەحمەد عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری 12 كەپرە لە سەیرانگەی دوكان، بە وتەی خۆیان كەپرەكانیان خزمەتگوزارییان تێدایە سەری كەپرەكە قرمیتە و شوێنی دانیشتنی چیمەنتۆیە و كارەبای هەیە و تەوالێتیشی تێدایە و لە رۆژانی نەورۆز بۆ یەك رۆژ كەپرێكی داوە بە 60 بۆ 75 هەزار دینار، كە پێشتر داویەتی بە 25 هەزار دینار.
 
ئەحمەد دەڵێت: "لە رۆژانی نەورۆزدا كەپر لە دوكان گەیشتبووە 150 دۆلار، بەڵام من هەر بە 60 بۆ 75 هەزار دینارم داوە و لە رۆژانی هەینیش بۆ یەك رۆژ بە 25 هەزار دینار بەكرێی دەدەم".
لە سەیرانگەی دوكان چەند جۆرێك كەپر هەن، هەیە كەپرێكی ئاسایی بچوكە و جێگەی یەك خێزان دەبێتەوە و پێش و پشتی بەتاڵە و سەری كەپرەكە بە چینكۆ یان حەسیر گیراوە، هەشە كەپرەكە سەرەكەی بە قرمیت داپۆشراوە و شوێنی دانیشتنی چیمەنتۆیە و كارەبای تێدایە و تەوالێتی تێدایە، كابینەكانیش زۆرینەیان یەك ژوور بۆ دوو ژووری نوستنیان تێدایە لەگەڵ هۆڵێك و تەوالێت و حەمام.
 
ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "لە رۆژی 15ی ئازار تا كۆتایی رۆژی 22ی ئازاری 2019، لە سنوری پارێزگای سلێمانی هاتنی زیاتر لە 100 هەزار گەشتیارمان تۆماركردووە".
 
وتیشی: "هاتنی گەشتیار كەپر و كابینەكانی سەیرانگەی دوكانی گران نەكردووە، بەڵكو داواكاری زۆری پێشوەختەی هاوڵاتیانی خۆمان نرخی كەپر و كابینەكانی گران كرد، چونكە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوەوە هاوڵاتیان كەپر و كابینەیان لە دوكان گرتووە و مانگێك زیاتر پێش نەورۆز هیچ شوێنێك نەمابوو".
 
وتیشی: "لە هەموو عێراق و هەرێم نرخ ئازادە و ئێمە ناتوانین كۆنترۆڵی نرخ بكەین، پەیوەستە بە داواكاری هاوڵاتیانەوە".
 
ئارام شوانی، ئاماژەی بەوەشدا "راستە نرخەكان لە نەورۆزدا زۆر بەرزببونەوە، جیاوازیش هەیە لەنێوان كوالێتی و خزمەتگوزاری كەپرەكان و كابینەكانیش، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نرخی هۆتێلەكان زیادیان نەكردبوو، بەڵكو كەمببونەوە".
 
سەیرانگەی دوكان سەر بە پارێزگای سلێمانییە و ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی بەهار هاوڵاتیانی ناوخۆ و گەشتیارانی دەرەكی روو لەو سەیرانگەیە دەكەن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure