یه‌كێتى پەیامێک ئاڕاستەی پارتی دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019‌ :: 3686‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت: كه‌ پارتى به‌ته‌نیا و به‌بێ یه‌كێتى ناتوانێت یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌مواربكاته‌وه‌، ده‌ڵێت: "یه‌كێتى واز له‌ دیدگا و نه‌خشه‌ڕێگاى خۆى بۆ گۆڕینى سیستمى حوكم ناهێنێت و پێداگیرى ده‌كات له‌سه‌ر گۆڕانكارى له‌ یاساكه‌و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌".


(دوێنى شه‌ممه‌ 23ى ئازارى 2019) ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووه‌: كه‌ سەرقاڵی كارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانن و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە بەبێ‌ یەكێتی ئەو كارە نەكرێت، بەڵام ئەگەر هەر نەهاتن، كارەكانی هەمواری یاساكە راناگیرێت و یاساكه‌ به‌بێ یه‌كێتى هه‌موارده‌كرێته‌وه‌.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: تاوەكو نوسینەوەی دەستوری هەرێم، ئەو بڕگەیە دەستكاری دەكرێت كە سەرۆكی هەرێم لە ناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، نەك له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌.

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى یه‌كێتى له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌ و شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم، زوبێر عوسمان جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئێمه‌ لێژنه‌یه‌كى كۆنمان هه‌یه‌ بۆ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و لێژنه‌كه‌ كاره‌كانى خۆى ته‌واو نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ كاتى خۆى كاره‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردران، به‌ڵام یه‌كێتى له‌سه‌ر به‌رنامه‌ كۆنه‌كه‌ى خۆیه‌تى كه‌ پێویسته‌ سیستمی حوكم په‌رله‌مانیى بێت، چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ ره‌هه‌ندى نیشتمانى هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان و هه‌موو تاكێكى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌  نه‌ پارتى به‌بێ یه‌كێتی ده‌توانێت خۆى له‌ قه‌ره‌ى ئه‌و یاسا گرنگه‌ بدات، نه‌ یه‌كێتیش ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كات كه‌ یاسایه‌كى واگرنگ تێپه‌ڕێندرێت كه‌ یه‌كێتى سه‌همى تێدانه‌بێت.

وتیشى: "لیدوانه‌كانى سه‌رۆكى فراكسیۆن پارتى یان هه‌ر به‌رپرستێكى دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتى بخه‌نه‌ په‌له‌ په‌له‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداربێت له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت و كابینه‌كه‌ زوو پێكبهێنرێت، واده‌زانن یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ ساویله‌كه‌یه‌ كه‌ به‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى واز له‌ مه‌به‌ده‌ئى خۆى و نه‌خشه‌رێگاى خۆى ده‌هێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌كێتى پێداگیرى ده‌كات له‌سه‌ر گۆڕانكارى له‌ یاساكه‌و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure