سلێمانى: رۆژانه‌ نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هه‌زار لیتر به‌نزین سه‌رفده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 24/03/2019‌ :: 1302‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال

له‌سنوورى پارێزگاى سلێمانى رۆژانه‌ دوو ملیۆن و 500 هه‌زار لیتر به‌نزین سه‌رفده‌كرێت، له‌ رۆژانى جه‌ژنى نه‌ورۆزیشدا هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر فرۆشتنى به‌نزین رووینه‌داوه‌ و فرۆش وه‌كو خۆى بووه‌.

به‌همه‌ن شێخ قادر، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى به‌نزینخانه‌كانى سلێمانى (ئه‌مڕۆ 24ى ئازارى 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ڕۆژانى جه‌ژنى نه‌ورۆزدا گۆڕانكارى له‌ فرۆشتنى به‌نزین رووینه‌داوه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رۆژێك به‌نزینى زۆر فرۆشرابێت، بۆ رۆژى دواتر كه‌ سلێمانى چۆڵ بووه‌ كه‌متر فرۆشراوه‌ و به‌وه‌ش رێژه‌كه‌ وه‌كو خۆى ماوه‌ته‌وه‌.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌: رۆژانه‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆن و 500 هه‌زار لیتر به‌نزین له‌سنوورى پارێزگاى سلێمانى سه‌رفده‌كرێت كه‌ ئه‌وه‌ش نزیكه‌ى 65%ى به‌رهه‌مى هاورده‌ و  ئه‌وه‌ى دیكه‌ش به‌رهه‌مى ناوخۆیه‌.

هه‌ندێکجار هاووڵاتیان گلەیی لە خاوه‌ن به‌نزینخانه‌كان ده‌كەن، به‌وه‌ى له‌كاتى پڕكردنه‌وه‌ى به‌نزیندا بڕى كه‌مترى تێده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌همه‌ن شێخ قادر ئه‌و قسانه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ و وتى: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و قسانه‌ راست نین، چونكه‌ چاودێرى ورد له‌سه‌ر به‌نزینخانه‌كان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت لە زۆر به‌نزینخانه‌ بڕى به‌نزینى زیاده‌ش ده‌درێت به‌ هاووڵاتیان".  

سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى به‌نزینیش، ناوبراو روونیكرده‌وه‌: جارێ نرخه‌كه‌ له‌م ئاسته‌دا وه‌ستاوه‌ و باوه‌ڕ ناكه‌ن نرخ له‌وه‌ زیاتر دابه‌زێت، چونكه‌ نرخه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ بۆرسه‌ى جیهانییه‌وه‌ هه‌یه‌.

به‌پێى ئامارى ئه‌نجومه‌نى به‌نزینخانه‌كان كه‌ به‌دواڕۆژ دراوه‌، له‌سنوورى شارى سلێمانى 66 به‌نزینخانه‌ هه‌یه‌.
 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure