"رێككه‌وتنەکانی پارتی له‌سه‌ر حیسابی لایه‌نی سێیه‌مه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019‌ :: 11266‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر و چاودێری سیاسی، ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ڕێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتیی و گۆڕان جیاوازه‌ و فره‌لایه‌ن نییه ‌و هه‌ر رێككه‌وتنێكی ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر حسابی هێزی سێیه‌مه‌، بۆیه‌ش لایه‌نه‌كان متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نییه‌.


مه‌سعود عبدالخالق، سه‌رۆكی ده‌زگای ستانده‌ر و چاودێری سیاسی بۆ توێژینه‌وه‌و ڕاگه‌یاندن، به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم به‌ تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی نییه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵوێستی هه‌ردوو پارته‌كه‌ له‌یه‌كه‌وه‌ دووره و پارتی له‌ هه‌وڵی زیاتر به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌یه‌تی و یه‌كێتیش داوای شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كات، به‌مه‌ش جۆرێك له‌ دابڕان و دایڤێرس له‌نێوانیان هه‌یه ‌و ئه‌گه‌ری كه‌مه‌ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئێستا پارتی كردوویه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌شێوازی دووبه‌دوو، رێككه‌وتنی نێوان دوو لایه‌ن له‌سه‌ر حسابی لایه‌نی سێیه‌مه‌، بۆیه‌ ده‌كرا رێكکه‌وتنه‌كه‌ فره‌لایه‌ن بوایه‌ له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ن، چونكه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دواخستنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ مامه‌ڵه‌ی پارتییه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كان به‌ جیاواز له‌سه‌ر حسابی هێزێكی دیكه‌.

ڕوونیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ری دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆ له‌ ئێستادا له‌ ئارادا نییه‌ ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام یه‌كێك له‌ ئۆپشنه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پارتی به‌بێ یه‌كێتیی حكومه‌ت پێكبهێنێت ئه‌و حزبه‌ په‌نا بۆ دادگایی فیدڕاڵی ببات.

ناوبراو، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ جۆرێك له‌ سازش بكات له‌ پێدانی پۆسته‌ گرنگه‌كان به‌ یه‌كێتیی، چونكه‌ بارودۆخی ناوخۆ و ئیقلیمی بۆ پارتی واده‌خوازێت یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ پارتی بمێنێـته‌وه ‌و له‌ به‌رژوه‌ندی ئه‌ودا نییه‌ یه‌كێتیی په‌راوێز بخات.

وتیشی: "ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی و پارتی و گۆڕان كراوه‌ هیچیان زامن و گه‌ره‌نتی نین له‌ چوارچێوه‌ی به‌ڵین ده‌رنه‌چوون و پارتی زۆربه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كارهێناوه‌".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure