رۆیته‌رز: ئێران بۆ فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی ئه‌م فێڵه‌ ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 24/03/2019‌ :: 1228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د


به‌پێى چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك، ئێران بۆ ده‌ربازبوون له‌ سزاكانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، نه‌وته‌كه‌ی به‌ ناوی عێراقه‌وه‌ ده‌فرۆشێته‌ وڵاتانی ئاسیا.

ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئابلۆقه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا، دوو كه‌شتی هه‌ڵگری نه‌وتی ئێران رووه‌و وڵاتانی ئاسیا رۆیشتوون و به‌ڵگه‌كان ئاشكرای ده‌كەن، ئه‌و نه‌وته‌ به‌ ناوی عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌كراون.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "كۆماری ئێسلامی ئێران بۆ ده‌ربازبوون له‌ گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ساڵی 2012دا  ئه‌و ته‌كتیك و فێڵه‌ی به‌كارهێناوه‌". 

ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ده‌ست رۆیته‌رز كه‌وتووه‌ "ده‌ریده‌خه‌ن، كه‌شتییه‌كى نه‌وتی به‌ ناوی "گریس 1" هه‌ڵگری 300 ته‌ن نه‌وت بووه‌ له‌ رۆژانی 19 بۆ 21ی كانوونی یه‌كه‌م له‌ به‌نده‌ری به‌سره‌وه‌ هه‌نارده‌كراون، به‌ڵام كه‌شتی (گریسی1) له‌ ناو لیستی كه‌شتییه‌كانی به‌سره‌دا نه‌بووه‌،  ئه‌و كه‌شتییه‌ دوای ماوه‌یه‌ك له‌ به‌نده‌ری عه‌سه‌لویه‌ی ئێراندا بینراوه‌.

له‌ به‌ڵگه‌كانی فرۆشی نه‌وتی ئێرانی ده‌ركه‌وتووه‌ 284.000 ته‌ن نه‌وت به‌ به‌های 120 ملیۆن دۆلار گوێزراوه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure