وێنه‌: لافاو له‌ باكورى ئێران قوربانى و زیانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 23/03/2019‌ :: 1825‌ جار بینراوە
دیمه‌نێك له‌ لافاوه‌كه‌ فۆتۆ: میدیاكانى ئێران

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

بارانى به‌خوڕ و لافاو له‌ شار و گونده‌كانی هه‌ر سێ پارێزگای گوڵستان و مازه‌ندران و خۆراسانی باكوور، له‌ باكووری ئێران قوربانی و زیانی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.


سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ مازه‌نده‌ران به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بارینی باران له‌ دوو رۆژ پێش نه‌ورۆز واته‌ له‌ 19 و 20ی ئازاره‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و تا (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی ئازار) درێژه‌ی هه‌بووه‌.

هاوكات به‌ گوێره‌ی میدیاكانى تائێستا 9 كه‌س له‌و سێ پارێزگایه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و دوو كه‌س له‌ قوربانییه‌كانیش منداڵ بوون.

ئه‌و لافاوه‌ 10 شارۆچكه‌ى له‌و سێ پارێزگایه‌ گرتووته‌وه‌ و زیانێكی زۆری به‌ كشتوكاڵ و به‌ربوومى جوتیاران گه‌یاندووه‌ و هه‌زاران ماڵی له‌ناوبردووه‌.

شاری ئاق قه‌ڵا، له‌ پارێزگای گوڵستان زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه‌ و نزیك به‌ 70%ى شاره‌كه‌ كه‌تووته‌وه‌ ژێر ئاو و تائێستاش له‌ژێر گه‌مارۆی لافاو دایه‌.

میدیاكانى ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر زارى ئیسماعیل نه‌جار، وه‌زیری ناوخۆی ئێران رایانگه‌یاند: تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار ماڵی له‌ شاره‌ و گونده‌كانی ئه‌و سێ پارێزگایه‌ له‌ناوبردووه‌.

ئیسحاق جه‌هانگیری، جێگری یه‌كه‌می حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێرانیش  سه‌ردانی باكوری ئێرانی كردووه‌، بۆ بینینى ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنى ره‌وشه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure