زیاتر له‌ 100 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانى ده‌ڤه‌رى سۆرانیان كردووه‌

هەواڵ / ئابوری :: 23/03/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزار: هاتنيان چاوه‌ڕوانكراو بوو

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

له‌ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا 110 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆرانیان كردووه‌، له‌ نێویاندا 10 هه‌زاریان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سۆران چوون و چوار هه‌زاریش به‌شه‌و ماونه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى بواره‌كه‌ باسیده‌كه‌ن.


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی ئازاری 2019) به‌ دواڕۆژی وت: له‌ماوه‌ی رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا 110 هه‌زار گه‌شتیار و سه‌یرانكه‌ر سه‌ردانی هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆریان كردووه‌ له‌ سنوری ده‌ڤه‌ری سۆران، ئه‌و رێژه‌ گه‌شتیاره‌ش بوه‌ته‌ هۆى بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری ناوچه‌كه‌. 

راشیگه‌یاند: له‌و ژماره‌یه‌ 10 هه‌زاریان له‌ ده‌ره‌وه‌ى سۆران هاتوون، چوار هه‌زار گه‌شتیارییان له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ماونه‌ته‌وه‌ به‌جۆرێك هیچ شوێنێكی مانه‌وه‌ نه‌مابوو به‌تاڵ بێت. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رونیشیكرده‌وه‌: هاتنی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ له‌گه‌شتیار لای ئێمه‌ پێشبینی كراو و چاوه‌ڕوانكراو بوو. 

وتیشی: "هۆكاری هاتنی ئه‌و هه‌موو گه‌شتیاره‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هێمنی و ئاسایش به‌ باشی دابینكراوه‌ و كۆمپانیاكانی گه‌شتیاریش رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ هێنانی گه‌شتیار به‌شێوه‌ی گروپ". 

ده‌ڤه‌ری سۆران ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی هه‌رێمی كوردستانه‌، پێكدێت له‌ قه‌زاكانی (سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆر) سه‌نته‌ری ده‌ڤه‌ره‌كه‌ قه‌زای سۆرانه‌، به‌پێی گوته‌ی به‌رپرسانی گه‌شتوگوزاری ناوچه‌كه‌، 80%ی هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كه‌ونه‌ سنوری ده‌ڤه‌ری سۆران. 

پ: س. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە