ئاواره‌كانی خانه‌قین ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/03/2019‌ :: 217‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


زیاتر له‌ هه‌زار خێزانی ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كانی خانه‌قین له‌به‌ر ڕووخانی خانووه‌كانیان و ژماره‌یه‌كیشیان له‌به‌ر رێگه‌نه‌دانیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان له‌ كه‌مپه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ و به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاواره‌كان ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ و بێزارن. 

عه‌لی غازی، به‌ڕێوەبه‌ری نوسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی خانه‌قین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا له‌ هه‌ردوو كه‌مپی ئه‌ڵوه‌نی یه‌ك و دوو زیاتر له‌ هه‌زار خێزانی ئاواره‌ی ناوچه‌كانی دیاله‌ ماونه‌ته‌وه‌ و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان. 

وتیشی: "ئه‌و خێزانانه‌ زۆربه‌یان خه‌ڵكی لادێكانی ده‌وروبه‌ری سه‌عدییه‌ و جه‌له‌ولان و له‌به‌ر ڕووخانی خانووه‌كانیان و نه‌بوونی هاوكاری و قه‌ره‌بونه‌كردنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌شێكیشیان له‌به‌ر پێنه‌دانی مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ و ته‌واونه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌منی، تائێستا له‌ كه‌مپه‌كان ماونه‌ته‌وه‌. 

عه‌لی غازی باسیشی له‌وه‌كرد: له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه‌ هاوكاری به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌شده‌كرێت و هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌ له‌ كه‌مپه‌كان، به‌ڵام ئاواره‌كان خۆیان نیگه‌ران و بێزارن و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج ساڵه‌ له‌ كه‌مپه‌كان ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. 

به‌پێی ئاماره‌كانی نووسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی خانه‌قین له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش زیاتر له‌ پێنج هه‌زار خێزانی ئاواره‌ له‌ نێو پێنج كه‌مپی خانه‌قین نیشته‌جێبوون و دوای شه‌ڕی داعش نزیكه‌ی چوار هه‌زاریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان. 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure