بارانبارین ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/03/2019‌ :: 4195‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتیى كه‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاشكرایده‌كات له‌ سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌وه‌ شه‌پۆلێكى دیكه‌ى به‌فرو باران هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ریشى هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ئاستى ئاو به‌رزببێته‌وه‌.

به‌پێى ڕاگه‌یه‌نراوێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتیى كه‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22ى ئازار بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، به‌هۆى هاتنى نزمه‌ پاڵەپەستۆی دەریای سپى  ناوەڕاست و دەریای سوور درێژدەبێتەوە بۆ سەر كەشی ناوچەكەمان و بارانبارین لە سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ دەستپێدەكات، به‌شێوه‌ى پچر پچر هه‌وره‌ تریشقه‌شى له‌گه‌ڵدا ده‌بێت.

به‌پێى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌: ئاستى بارانبارین له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ له‌كاته‌كانى شه‌ودا تا به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ده‌ستپێده‌كات.

كه‌شناسى هۆشدارى ده‌دات و پێشبینیشده‌كات له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ئاستى بارانبارین له‌ باشوورى پارێزگارى كه‌ركوك و هه‌ولێرو گه‌رمیان و ناوچه‌كانى  (مه‌خمور و دیبگه‌و قه‌راج و دووزخورماتوو ئامرلى و حه‌ویجه‌) زیادبكات و مه‌ترسى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاویش له‌م ناوچانه‌ هه‌یه‌.

به‌شى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسى ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: ئه‌م شه‌پۆڵى بارانبارینه‌ تاوه‌كو كۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌شێوه‌ى نمه‌باران و پچر پچر به‌رده‌وام ده‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە