بەغدادییەکان یادی نەورۆز بەرزڕادەگرن

هەواڵ / عێراق :: 21/03/2019‌ :: 236‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

سه‌یرانگا و پاركه‌كانی به‌غدای پایته‌ختی فیدراڵ، (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئازاری 2019) ژماره‌یه‌ك زۆری خێزانی ئه‌و شاره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیی كه‌ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه‌ هاتبوون.


هه‌موو تاك و خێزانه‌كانی ئەو پارك و سه‌یرانگه‌ گشتیاریانه‌ی به‌غدا خۆشیان ده‌رده‌بڕی، گوزارشتی ئه‌و شادی و دڵخۆشییانه‌یان ده‌كرد، كه‌ به‌یادی نه‌ورۆزه‌ ئه‌و رۆژه‌ بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات كراوه‌ته‌ پشووی فه‌رمی، له‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا.

باوكی ئه‌حمه‌د هاوڵاتییه‌كی دانیشتووی به‌غدای پایته‌خته‌، به‌ دواڕۆژی وت: "ئاهه‌نگێڕانی یادی نه‌ورۆز گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی پێده‌درێت، بۆیه‌ ده‌بینین ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی له‌م پاركانه‌ جمه‌یان دێت، هه‌موو پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕێن".

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد: ئه‌وان به‌ هه‌موو خێزان و خانه‌واده‌یانه‌وه‌ روویان له‌ یه‌كێك له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژه‌ زیندو و جوان رابگرن.

دایكی یاسر هاوڵاتییه‌كی تری دانیشتووی به‌غدایه‌، بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش رووی له‌ شوێنێكی گشتی و گه‌شتیاری ناوجه‌رگه‌ی به‌غدای پایته‌خت كردووه‌، له‌ قسه‌كانیدا بۆ دواڕۆژ وتی: "جوانترین و خۆشترین شت، كه‌ له‌ نه‌ورۆزدا حه‌زده‌كه‌م سه‌یری بكه‌م و له‌كاتی سه‌یركردنیدا چێژبه‌خشه‌ بۆم، هه‌ڵپه‌ڕكێ و جلی كوردییه‌، به‌تایبه‌تی جلی كوردی ژنان، سه‌رباری ئه‌و دیمه‌نه‌ جوانانه‌ و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌ خۆشه‌كانی كوردستان.

ئه‌و ژنه‌ به‌غداییه‌، هێمای بۆئه‌وه‌كرد: ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ به‌شداری له‌و جۆره‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگانه‌ ده‌كات، به‌نیازه‌ هه‌موو ساڵێك به‌رده‌وام بێت.

وسام خالد گه‌نجێكی شاری به‌غدایه‌، پاش پیرۆزبایی له‌ هه‌موو عێراقییه‌كان به‌گشتی و كورد به‌تایبه‌ت، به‌بۆنه‌ی یادی نه‌ورۆزه‌وه‌، باسی له‌وه‌كرد: ئاهه‌نگێڕانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كورد، ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ یه‌كپارچه‌یی عێراق، نه‌ته‌وه‌كان له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌ك یه‌ك جه‌سته‌ن، ئه‌وه‌ سیاسه‌ت و سیاسییه‌كانه‌ جیاوازی دروست ده‌كه‌ن، كه‌لێن ده‌خه‌نه‌ نێوان پێكهاته‌كانه‌وه‌.

هیواشیخواست هه‌موو كاتێک عێراقییه‌كان جه‌ژن و هه‌موو جه‌ژنێكیان خۆشی بێت، به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ری ببه‌ن.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە