گه‌شتوگوزار: تا ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ 50 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ سلێمانى

هەواڵ / ئابوری :: 21/03/2019‌ :: 233‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، تا (ئه‌مڕۆژ پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئازاری 2019) زیاتر له‌ 50 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونەته‌ شارى سلێمانى و به‌رپرسێكى گه‌شتوگوزارى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت: پێشبینیده‌كه‌ن ئه‌مساڵ هاتنى گه‌شتیار بۆ نه‌ورۆز له‌ پارساڵ زیاتربێت.


ئارام شوانى، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى گه‌شتوگوزارى سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتى: "ساڵانه‌ له‌چوارچوارچێوه‌ى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌موو بۆنه‌ نیشتمانى و ئاینییه‌كان و پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران، وه‌ك گه‌شتوگوزارى سلێمانى ئاماده‌كارى ته‌واو ده‌كه‌ین، بۆ نه‌ورۆزى ئه‌مساڵیش پێشبینى هاتنى گه‌شتیارێكى زۆر ده‌كه‌ین".

راشیگه‌یاند: نه‌ورۆزى پارساڵ 100 هه‌زار گه‌شتیار هاتنه‌ پارێزگاى سلێمانى و ئه‌مساڵیش پێسشبینى هاتنى گه‌شتیارى زیاتر ده‌كه‌ین و به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش تا ئه‌مرٍۆ پێنجشه‌ممه‌ زیاتر له‌ 50 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ سلێمانى و تا شه‌ش رۆژى دیكه‌ش كه‌ كۆتایى رۆژى كۆكردنه‌وه‌ى ئاماره‌كان ده‌بێت، پێشبینى ده‌كه‌ین به‌روارد به‌ پارساڵ هاتنى گه‌شتیار زۆر زیاتر ده‌بێت.

شوانى رونیكردەوه‌: له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ى كراوه‌، بۆ پێشوازى له‌ گه‌شتیاران، پێكهێنانى سێ لیژنه‌یه‌ له‌ بازگه‌كان و ده‌روزاره‌ سنورییه‌كان و فڕكه‌خانه‌كان بۆ  رێنماییكردنى گه‌شتیاران و پێدانى پرۆشۆر و رێبه‌رى گه‌شتیارى و ژماره‌ى ته‌له‌فونى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان و هه‌ر زانیارییه‌كى دیكه‌ كه‌ گه‌شتیار پێویستى پێبێیت.

به‌ڕێوه‌به‌ى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه‌ بۆ چاودێریكردنى رێستۆرانت و هۆتێل و خواردنگه‌كان كه‌ پێویسته‌ كراوه‌ بن بۆ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى به‌ گه‌شتیاران.

 

ئا:سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure