گرنگتر و گەورەترە

هەواڵ / چاوی تۆ :: 21/03/2019‌ :: 140‌ جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

واباوە کە بۆنە ئایینیەکان زۆرترین خەڵک لێیان کۆئەبێتەوە و یادئەکرێنەوە بەڵام ئەم بۆنە ئاینیانە هەرچەندە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ناوچەیەکی جوگرافی لێی کۆئەبێتەوە بەڵام لە دووبەرەکی و ڕای جیاواز بێبەش نین، بۆ نموونە زۆر کەم موسڵمانانی هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعە پێکەوە و لە یەک کاتا یادی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان ئەکەنەوە، بەڵام هەرچی نەورۆزە کۆی نەتەوەی کورد لەسەری کۆکە و لە یەک ڕۆژا هەمووان پێکەوە یادی ئەو بۆنەیە ئەکەنەوە و جەژنئەگێڕن، ئەمەش یەکێکە لە بەهێزترین ئەو خاڵانەی کە کوردی بە یەک و یەکگرتوويی هێشتۆتەوە، لەکاتێکا نەتەوەی کورد باوەڕدار و ئاینزای زۆر جیاوزی هەیە و هەر کۆمەڵە باوةڕدارێک لەکاتێكی جیاوزا یادی بۆنە ئاینیەکانی ئەو ئاینە ئەکەنەوە کە هەڵگری پێناسەکەین. بۆیە لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە کە نەورۆز گەورەترین خاڵی بەهێزی مانەوەی کوردە و ئەبێ گرنگيی زیاتری پێبدرێ و مێژووەکەی و سەرەتای دروستبوونی ئەو بۆنەیە لە خوێندنگاکانا بخوێنرێ و هەروەک چۆن ئەوەشمان بۆ ئاشکرایە کە نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد لە کۆی بۆنە ئاینیيةکان گرنگترە و گەورەترە.


جەژنی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین بۆنە و جەژنی مرۆڤە لە سەرزەوی، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکانا ژیاون، رۆژی یەکەمی بەھاریان کردووە بە جەژن. نەورۆز ھەمان جەژنی (تەموز و عەشتار)ە کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستان بێنەدەرەوە و بەرەو خوارووی ئەو شوێنەی ئێستا وڵاتی عێراقی پێ ئەوترێ بڕۆن ئەو جەژنەیان بەڕێوەبردووە.

گرنگيی نەورۆز لەوەدایە کە توانیویەتی کۆی لەمپەڕەکان تێپەڕێنێ و بێ لێکدانەوەی جیاوازيی ئایين و مەزھەب لە دةرگای دڵی ھەمووان بات و بەناودڵا شۆڕبێتەوە، ئیتر ئەگەر لە پشتی ئەم کۆ یەکی و ھاوبەشی و ھاوڕابوونەوە ئەفسانەيش ھەبێ ھیچ گرنگیەکی نیيە چونکە لە بوونی خودی نەورۆز خۆی نەبێ ھەرچی چیرۆکێک ھەبێ ھەمووی ئەفسانەن، بۆیە لێرەوە ئەگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەکرێ ئەفسانە یەکێک بێت لە باشترین میتؤد بۆ یەکگرتنی میلـلەتی پەرش و بڵاو یان میلـلەتێکی وەک کورد کە خاونی چەندین دیالێکت و ئايین و مەزھەبی جیاجیایە.


ئەو بۆنانەی کە زۆرترین خەڵک لەخۆيان کۆئەکةنەوە بۆنە ئاینیەکانن کە زۆرترین خەڵک لە یەک کاتدا بەشدار ئەبن، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد نەورۆز بۆنەیەکی گەورەترە چونکە سەرجەم ئاینە جیاجیاکانی نەتەوەی کورد لەسەر ئەم بۆنەیە ھاوبەشن و لەیەک کاتدا بەشدار ئەبن و یادی ئەکەنەوە کەواتە گرنگترین بۆنە بۆ نەتەوەی کورد نەورۆزە.

ھەندێ جار ئەو ئه‌فسانه‌یه‌ که‌ گیانی ناو کۆی هاودڵيی له‌نێوان دانیشتوانی ناو سنوورێکی جوگرافی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌باته‌ پێشه‌وه‌ که‌ میلـله‌تێکی لێ دروست ئه‌کات ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ دروستترە که‌ زمان و زاراوه‌ی زۆر و جۆراوجۆریان تیایه‌.

نەورۆز چرکەساتێکە کە نەتەوەی کورد ھەستی گەڕانەوەی بۆ مێژوو لادروست ئەبێ و ئاوێتەبوونی بە خاک و ئینتمابوونی بۆ خاک بۆ ئەگەڕێتەوە و ھەستی ژیانەوە و ژیانێکی نوێ و ھیوای بۆ دروست ئەبێت.

ئەو ئەفسانانەی بە بەرۆکی نەورۆزا ھەڵواسراون، سوودێکی زۆری لێ وەرگیراوە، بێجگە لە یەک بوون و ھاوبەشی و ھاوڕابوونی کۆی کۆمەڵگە بەڵکو سوود لە چیرۆکی ئازایەتيی کاوە و خۆێنڕێژيی زوحاک (ئاستیاگ)یش وەرگیراوە. ھەر بۆ نموونە ناوی کاوە وەک پاڵەوانێكی میلـلی لە چەندین یاد و بۆنەدا کە کورد تیایا زەرەرمەند یان دۆڕاوە یان زوڵمی لێکراوە، ئەھێنرێتەوە پێشەوە تا سەرلەنوێ ئازایەتی ببەخشێتەوە بە کۆمەڵگە، یان تا ئێستاش ئەگەر کەسێک زۆردار بێت پێی ئەوترێ زوحاک وەک وەبیرھێناوە و ئاگادارکردنەوە.

نەورۆز دابونەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە کە لە لایەن کورد و فارس و تورک و نەتەوەی دیکەوە بەشێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو ئەکرێت، ڕەگ و ڕیشەی ئەگەڕێتەوە بۆ کەونارایەکی پێش مێژوو. ھەندێ پێیان وایە زاڵبوونی کاوە بە سەر زوحاک سەرچاوەی نەورۆزە بەڵام نەورۆز زۆر لە ئەفسانەی زوحاکیش کۆنترە. شارەزایانی نەورۆز بڕوایان وایە جەمشێد، کە یەکێک لە پاشاکانی پێشدادییەکان بووە، نەورۆزی داھێناوە هەرچەندە ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین وسەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە، کە وابێت بنەمای نەورۆز ئەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.

ئەکرێ سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان بەسەر دەوڵەتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن ئەوانەوە بووبيَتە ھۆی ئەوەی لە کۆنەستی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا(دانەری پەرتووکی شانامە) بەتایبەتی ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنابکرێت و ڕووخساری دوژمن(کورد)ی پێناشرین بکرێت.

ئەفسانەی کاوە و زوحاک و ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە، دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە بەڵام نەوەک ئەو جۆرەی کە فیردەوسی باسی ئەکات، ئاخر فیردەوسی وەکو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی ئەکات کە ئەبوو ھەموو رۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن، ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی ئەبێت و شۆڕشێک لە دژی بەرپا ئەکات و تەختوتاراجی لێ تێکئەدات. لە کاتێکا ھەر لەو وتارە پڕ بەڵگەکەی د. مەولود ئیبراھیم حەسەن-دا ھاتووە کە ئاستیاگ دوایین پاشای مادەکان بووە نەک زاڵم و شێت نەبووە بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانە و شێوێندراوە.

پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتی مادەکان ئەوانەی ھاتوون و سەرگوزشتە و مێژوو ئەنووسنەوە ئەبێ بەو شێوەیە بینووسنەوە کە دەسەڵات بەدڵێتی، کە وابوو ئەگەر ڕووخسارێکی سامناک لە دوایین پاشای مادەکان، واتە ئاستیاگ، پیشان بدەن شتێکی سەیر نییە. ئەگەر زۆر دووریش نەگەڕێینەوە و وردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین کە ئەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ ئەدەن ڕووخساری راستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناووناتۆرەی دزێوەوە، ھەر بەوجۆرەش سەردەمی کۆتای دواین دەسەڵاتی کوردی ماددەکانیان لێ کردووین بە ئەفسانەیەک کە لەوێدا دواین دەسەڵاتداری کورد بە دیکتاتۆر و خۆێنڕێژ و بێ بەزەيی وێنە کراوە.

به‌ گوێره‌ی ساڵنامه‌ی زه‌رده‌شتی، ساڵ به‌سه‌ر دوانزه‌ مانگ دابه‌ش کرابوو، هه‌ر مانگێکیش ٣٠ ڕۆژ بووه‌، به‌مجۆره‌ ساڵێک ئه‌یکرده‌ ٣٦٠ ڕۆژ واتا هێشتا ٥ پێنج ڕۆژ یان وردتر ٥ ڕۆژ و ٥ سه‌عات و ٤٨ خوله‌ک و ٥٠ چرکه‌ ئه‌ما بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی ساڵێکی ته‌واو. هه‌ر ته‌نیا پشتگوێ خستنی ئه‌و ٥ سه‌عات و ٤٨ خوله‌ک و ٥٠ چرکه‌یه‌ی که‌ خولی ساڵی پێ کۆتایی دیَت ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر١٢٠ ساڵێک هاتنی ڕۆژی نه‌ورۆز یه‌ک مانگ دوا بکه‌وێت. له‌ سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی ساسانیەکانا چه‌ند جارێک ساڵ کراوه‌ته‌ ١٣ مانگ تا له‌ سه‌رده‌می ده‌سته‌ڵاتی مه‌له‌کشای سه‌لجوقی (١٠٧٢-١٠٩٢ز) له‌لایه‌ن وه‌زیری وی واتا نیزامول مولک له‌ ساڵی ١٠٧٤ز، ساڵنامه‌ی جه‌لالی داهێنرا له‌و ساڵنامه‌یه‌یا شوێنی نه‌ورۆز له‌ ٢١ ئادار چه‌سپکرا.

جەژنی نەورۆز لە كاتی سەراتای بەهارا دەست پێئەكات، لە زانستی ئەستێرەناسیا سەراتای بەهار لە نیوەگۆی باكووری زەوی بەو كاتە دەگوترێت كە خۆر لە هێڵی ئیستیوای زەوی تێئەپەڕێت و ڕوو لە باكوور ئەکات، بەم چركەساتەش چركەساتی یەكەمی بورجی كاوڕ ئەوترێت و لە ڕۆژژمێری کۆچی هەتاویا بە یەكەم رۆژی (هورمز رۆژ یا ئورمزد رۆژ) لە مانگی یەكەمی بەهار هاتووە هەروەها نەورۆز لە رۆژژمێری زایینیا یەكسانە بە ٢١ و ٢٢ی مارس.

هه‌رچه‌نده نەورۆز‌ سه‌ره‌تا ته‌نیا خۆشيی نواندن بوو به‌ درێژ بوونه‌وه‌ی ڕۆژ و هاتنی به‌هار بەڵام له‌ سه‌رده‌می ساسانیەکانا بۆ یەکەمجار به‌رگێکی ئایینی له‌به‌رکرا و بوو به‌ یه‌کێک له‌ جه‌ژنه‌ ئایینیه‌کانی زه‌رده‌شتی. دیاره‌ پێشووتریش به‌ هۆی نه‌ریتی ئاگرکردنەوەوە له‌ نه‌ورۆزا ئه‌وانه‌ی که‌ دژی یادکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌وه‌ستانەوە هەر هه‌مان ئه‌و ئاگرکردنه‌وه‌یان ئه‌کرده‌ بیانوو که‌ گوایا ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ ئاگری پیرۆزی ئاته‌شگاکانی زه‌رده‌شتی و خه‌ڵک به‌و شێوه‌یه‌ ڕێزی لێئەگرن.

ئەگەر لەمێژووی نەورۆز بڕوانی ئەبینی ئەم بۆنەیە بۆ چەندین ھۆکار گەڕێنراوەتەوە، لەوانە ئه‌گه‌ر سه‌یری ساڵنامه‌ی سروشتی گه‌ردوونیی بکه‌ین بۆمان ده‌رئه‌که‌وێت که‌ که‌ژه‌کانی ساڵ په‌یوه‌ندیان به‌ سووڕانه‌وه‌ی گۆی زه‌وی هه‌یه‌ له‌ چوارده‌وری ته‌وه‌ره‌یی خولگه‌یه‌کی دیاریکراوی خه‌پڵه‌ی خۆر.  یان گوایە پێنچ ڕۆژ پێش یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوی "نەورۆز" گیانی مردووەکان گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانی خۆیان و دوای کۆتایی هاتنی پێنج ڕۆژه‌که‌، ئینجا ده‌بوو به‌ نه‌ورۆز و یه‌که‌م ڕۆژی ساڵی نوێ، ئنجا له‌ ڕۆژی نه‌ورۆزا ئه‌وان ئه‌چوونه‌ سه‌ربانی خانووه‌کانیان و شوێنی بڵندی تر نزیک ماڵه‌کانیان بۆ ئاگرکردنه‌وه‌ وه‌ک ماڵئاواییکردن له‌گیانی مردووەکانیان که‌ له‌و پێنج ڕۆژه‌یا له‌ناویانا بوون.

لای زەردەشتیەکانیش خەڵک سەرەتای ساڵی نوێیان نەئەزانی بۆیە پیاوانی ئایينی، واتا موغ و هیربه‌د و موبه‌دان، لە شوێنە بەرز و سەربانی ماڵەکان ئاگریان کردۆتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی ساڵی نوێ. ھەندێکیش لە سۆمەرییەکان لە مێزۆپۆتامیا لایان وابووه‌ که (دموزی) خوداوه‌ندی به‌پیتی له‌ پایزدا ده‌کوژرێت لە بەھارا زینووئەبێتەوە.

ئەوانەی مێژوونووسی ئیسلامن نووسیویانە کە خەڵکی جووتیار ٢٥ رۆژ پێش ھاتنی نەورۆز دانەوێڵەی جواروجۆریان لە قاپێک یان دەفرێکا چاندووە ھەر جۆرێکان لە کۆتای ئەو ٢٥ رۆژەیا کام جۆریان باشتر ڕسکا و ڕوابوون ئیتر ئەو جۆرەیان ئەچاند ھەتا بەروبوومی باشتر بچێنەوە.

ئێستاش وێڕای ئەوەی بەپێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە کە نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەورووبەرمانا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەک پێویست لە ڕوومان نایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەنی کوردییە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure