حیزبێكی كوردی بایكۆتی جەژنی نەورۆزی كرد

هەواڵ / کوردستانی :: 20/03/2019‌ :: 4679‌ جار بینراوە
"یاده‌كه‌ كۆت و زنجیر كراوه"

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


له‌ قه‌زای خورماتوو به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه‌ رێگا به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان نادرێت، به‌مهۆیه‌وه‌ حزبێكی كوردستانی بایكۆتی یاده‌كه‌ دەكات. 


سه‌ردار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتوو (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوان قه‌زا و ئیداره‌ی خورماتوو و هێزه‌ عێراقییه‌كان و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌كو نوێنه‌ری كورد داوامكرد له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا رێگه‌ به‌ هاووڵاتیانی كورد بدرێت ئاڵای كوردستان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و گوزارشت له‌و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بكه‌ن.

وتیشی: "تا ئێستاش ئیداره‌ی شار وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ واتای ئه‌وه‌دێت كه‌ رازی نه‌بوون به‌و داواكارییه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان".

سه‌ردار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌شداری له‌و بۆنه‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌ به‌شداری نه‌ته‌وه‌كان ئاهه‌نگی نه‌ورۆز له‌ پاركی هاوكاری قه‌زای خورماتوو ئه‌نجامبدرێت.

به‌ڵام هێمن نوری، به‌رپرسی كۆمیته‌ی خورماتووی حزبی شیوعی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ خورماتوو هه‌ستناكه‌ن زه‌مینه‌سازی بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز كرابێت و هیچ ئازادییه‌ك به‌دیناكه‌ن و رێگه‌نادرێت ئاڵای كوردستان به‌رزبكرێته‌وه‌، وه‌كو حیزبی شیوعی پێیانباشبووه‌ به‌شداری ئه‌و بۆنەیە‌ نه‌كه‌ن.

وتیشی: "وه‌كو ساڵانی رابردوو ئاماده‌كاری نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ خورماتوو ئه‌نجامبدرێت له‌كاتێكدا ئه‌و جه‌ژنه‌ بۆنه‌یه‌كی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی كورده‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ یاده‌كه‌ كۆت و زنجیر كراوه".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure