راستڕه‌وى توندڕه‌و.. ناوه‌رۆك و ئامانجه‌كانى

هەواڵ / جیهان :: 21/03/2019‌ :: 280‌ جار بینراوە
مه‌راسیمى رێزگرتن له‌ قوربانیانى رووداوه‌كه‌ى هه‌ینى رابردوو

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ده‌سه‌واژه‌ى راستڕه‌وى توندڕه‌و بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌و وشانه‌ى زۆرترین جار له‌ هه‌واڵ و به‌رنامه‌كانى تایبه‌ت به‌ جیهان ده‌وترێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دواى كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ى هه‌ینى رابردوو له‌ نیوزله‌ندا كه‌ له‌لایه‌ن ئوستڕالییه‌كى هه‌ڵگرى ئه‌و بیره‌ ئه‌نجامدرا.


راستڕه‌وى توندڕه‌و ماناى چییه‌؟ ده‌سته‌واژه‌كه‌ كه‌ى سه‌ریهه‌ڵدا و دیارترین سمبوله‌كانى كێن؟ بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسییه‌ یان كۆمه‌ڵایه‌تى؟ باره‌گاى هه‌یه‌ و له‌كوێیه‌؟

راستڕه‌وى توندڕه‌و واتاى چییه‌؟
زۆرجار راستڕه‌وى توندڕه‌و به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ك یان ئایدیۆلۆژیایه‌ك ناوده‌برێت، به‌ڵام نزیكترین پێناسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (كوتله‌یه‌كى سیاسیه‌) هه‌وڵده‌دات بۆ یه‌كخستنى چالاكى بزوتنه‌وه‌ یان ئایدیۆلۆجیا توندڕه‌و و جیاوازه‌كان، ده‌سته‌واژه‌ى راستڕه‌وى توندڕه‌و به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئاماژه‌یه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ سپى پێسته‌كان كه‌ باوه‌ڕیان به‌ باڵاده‌ستى خۆیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانى تردا.

ئایا كۆمه‌ڵه‌یه‌كى دیاریكراون و شوێنكه‌وتوانى هه‌مان بیر و ئامانجیان هه‌یه‌؟
راست نییه‌، ده‌سته‌واژه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌یداخێك كه‌ له‌ژێریدا كۆمه‌ڵه‌ جۆراوجۆره‌كانى خه‌ڵك كۆبونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان رۆچونه‌ته‌ ناو چالاكییه‌كانى ئینته‌رنێت و نوكته‌ و وتارى هانده‌رى ره‌گه‌زپه‌رستى و رق و كینه‌ و توڕه‌یى بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ندێكى تریان كه‌سایه‌تى میدیا و كه‌سى كاریگه‌رن بانگه‌شه‌ بۆ تێڕوانین و باوه‌ڕى ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ و دژ به‌ ئافره‌ت و دژ به‌ رۆشنبیرییه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و باوه‌ڕه‌ى تیایدا هاوبه‌شن گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ زه‌مه‌نى رابردوو كه‌ تیایدا رۆشنبیرى پیاوى سپى پێست و هێز و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئه‌و واقیعه‌ بوو كه‌ كه‌س گومانى له‌سه‌ر نه‌بوو.

ده‌سته‌واژه‌كه‌ كه‌ى سه‌ریهه‌ڵدا؟
ده‌سته‌واژه‌كه‌ به‌مدواییه‌ سه‌ریهه‌ڵدا و یه‌كه‌م كه‌سیش كه‌ دایڕشت و به‌كاریهێنا ریچارد سبنسر،ى ئه‌مریكى له‌دایكبووى ساڵى 1978 بوو كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ دیارترین سمبوله‌كانى ئه‌و بیره‌ توندڕه‌وه‌ داده‌نرێت و باوه‌ڕى به‌ باڵایى سپى پێسته‌كان هه‌بوو، سبنسر ده‌سته‌واژه‌ى راستڕه‌وى توندڕه‌وى وه‌ك ئاماژه‌ بۆ (ناسمانه‌ى سپى پێست و باڵاده‌ستییه‌كه‌ى) به‌كارهێنا.
 
دیارترین كه‌سه‌ كاریگه‌ره‌ ناسراوه‌كان
- ریچارد سبنسر: به‌ ره‌گه‌ز ئه‌مریكى و یه‌كه‌م كه‌س كه‌ ده‌سته‌واژه‌ى راستڕه‌وى توندڕه‌وى به‌كارهێنا بۆ ده‌ربڕینى باڵاده‌ستى سپى پێسته‌كان و سه‌رۆكى په‌یمانگاى سیاسى نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ى "رزگاربوونى ئاشتیانه‌" له‌ هه‌موو پێكهاته‌ ناسپییه‌كانى ئه‌مریكا ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كخستنى ئه‌وروپا وه‌ك ته‌نها نیشتیمانى سپى پێسته‌كان، ئه‌و خۆى به‌ ئه‌دۆڵف هێتله‌ر ده‌چوێنێت و زیاتر له‌ جارێك وێنه‌ى گیراوه‌ كه‌ سڵاوى نازییانه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ وتنه‌وه‌ى ئه‌و وتانه‌ى له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ى نازییه‌كانه‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌.
- مایلۆ یانوبولوس: (مایلۆ ئه‌ندریاس واجنر)ى بریتانى و له‌دایكبووى 1984 نوسه‌ر و شیكه‌ره‌وه‌ى سیاسى، سه‌رنوسه‌رى سایتى برایبارت نیوزى ئه‌مریكى بوو كه‌ سایتێكى راستڕه‌وه‌ و له‌ ساڵى 2007 دامه‌زراوه‌، سایته‌كه‌ بووه‌ هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ناوبانگى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رفراوان تا ئه‌وه‌ى بووه‌ یه‌كێك له‌ دیارترین كه‌سه‌ كاریگه‌ره‌كان له‌سه‌ر بیرى راستڕه‌وى توندڕه‌و، ناسراوه‌ به‌ بیروباوه‌ڕه‌كانى دژ به‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئافره‌ت و ئیسلام، هه‌روه‌ك بانگه‌شه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سپى پێش و تواناكانى ده‌كات.
- ئه‌ندرۆ ئه‌نجلین: ئه‌مریكى و له‌دایكبووى 1984 دامه‌زرێنه‌رى سایتى زا جه‌یلى ستورمرى راستڕه‌وى توندڕه‌و، باوه‌ڕى به‌ باڵاده‌ستى سپى پێست هه‌یه‌ و هێتله‌ر وه‌ك نمونه‌ى باڵا ناوده‌بات.

كام به‌شه‌ ته‌مه‌نه‌ زیاتر هه‌ڵگرى بیرى راستڕه‌وى توندڕه‌ون؟
كه‌سانى مێردمنداڵ و گه‌نجان زیاتر كراونه‌ته‌ ئامانجى سه‌ره‌كى ره‌وته‌كه‌ له‌رووى راكێشانى هه‌ست و سۆزیانه‌وه‌، راستڕه‌وى توندڕه‌و وتاره‌كانى ئاراسته‌یان ده‌كات له‌رێى كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ و ڤیدیۆكانى ئینته‌رنێت و گفتوگۆى راسته‌وخۆ، پێچه‌وانه‌ى سه‌رانى راستڕه‌و له‌ رابردوودا، ئه‌و گه‌نجانه‌ى هه‌ست به‌ توڕه‌یى و داڕمان ده‌كه‌ن به‌ ئاسانى له‌رێى مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ ده‌توانیت پێیان بگه‌یت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن كه‌سه‌ كاریگه‌ره‌كانى راستڕه‌وه‌كانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها گه‌نجێكى وه‌ك خۆیان نین، به‌ڵكو بلیمه‌تن له‌ ته‌كنه‌لۆجیا و تێده‌گه‌ن كه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووان چییان ده‌وێت.

مۆڵگه‌ى سه‌ره‌كى
سه‌ره‌ڕاى بڵاوبونه‌وه‌ى راستڕه‌وى توندڕه‌و به‌ جیهاندا، به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ مۆڵگه‌ى سه‌ره‌كى و ناوچه‌ى هێزیان داده‌نرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى سایتى زه‌ ئه‌تڵانتیك باسیده‌كات. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نغرۆى شه‌پۆلێكى توندڕه‌ویى بووه‌ كه‌ له‌ سه‌رى هه‌ره‌مه‌كه‌وه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ له‌رێى "ئه‌و وته‌ ژه‌هراوییانه‌ى" رۆژانه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین بڵندگۆى میدیایى له‌ جیهانه‌وه‌ ده‌یڵێت كه‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكایه‌. بانگه‌شه‌ى به‌رده‌وامى تره‌مپ بۆ توندوتیژى و به‌ شه‌یتانكردنى به‌رهه‌ڵسكارانى سیاسى ده‌روازه‌یه‌كه‌ كه‌ لافاوى رقى له‌نێو كۆمه‌ڵگاكاندا دروستكردووه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ توڕه‌یى بۆ ماوه‌یه‌كى دورودرێژ.

لێكچوى نێوان راستڕه‌وى توندڕه‌و و پارته‌ راستڕه‌وه‌كان چییه‌؟
لێكچوون یان په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ردووكیان رووكارى و به‌شێوه‌یه‌كى مه‌به‌ستدار فریوده‌رانه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌رانى راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵى به‌بازاڕكردنى بیرى رق و كینه‌ و باڵاده‌ستى سپى پێست له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ ئامانجى بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌ جیهاندا به‌پێى توانا، به‌ڵام پارته‌ راستڕه‌وه‌كان پارتى سیاسى هه‌ڵگرى بیروباوه‌ڕى سه‌رمایه‌دارین و ئه‌جێندا سیاسیه‌كه‌یان ته‌قلیدییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پارته‌ چه‌په‌كان كه‌ هه‌ڵگرى بیروباوه‌ڕ و ئاڕاسته‌ى ئابورى سۆسیالیستى و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تین له‌رێى ئه‌جێندایه‌كى سیاسى دیاریكراوه‌وه‌. 

س: عربى بوست
وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure