دووركەوتنەوەی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی بۆتە جێی پرسیار

هەواڵ / عێراق :: 21/03/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە
موقتەدا سەدر

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ
ماوەی سێ مانگە موقتەدا سەدر لەشانۆی سیاسی عێراقەوە دوورە، دیار نەمانی ئەو سەركردە شیعییە گۆڕەپانی سیاسی لەعێراق شێواندووە و دەنگۆی گێڕانەوەی عەبادی بۆ شوێنی عەبدولمەهدی مشتومڕی دروستكردووە.

دووركەوتنەوەی سەدر دوو ئەگەری لای چاودێران دروستكردووە، یەكێكیان (نەخۆشكەوتن)ی لەناكاوێتی و ئەگەری دووەمیش لە دووركەوتنەوەی، رازی نەبوونێتی لەئەدای عادل عەبدولمەهدی كە خۆی دەستی  باڵای هەبوو لەدیاریكردنی.

بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وتووە: "سەدر نیگەرانە لەعەبدولمەهدی و بەمزووانە بەپڕۆژەیەكەوە دەگەڕێتەوە، كە وەك بوومەلەرزە وادەبێت بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق و رەنگە دیسانەوەی حەیدەر عەبادی بپاڵێوێتەوە بۆ شوێنەكەی عەبدولمەهدی".

لای خۆیەوە سەڵاح عوبێدی وتەبێژی نووسینگەی سەدر لەلێدوانێكدا رەتیكردەوە، بەمزووانە سەدر بگەڕێتەوە و "دەنگۆی وا پڕۆژەیەكیش بوونی نییە لەئێستادا" وەك خۆی وتی.

هاوكات و لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ گۆڕەپانی سیاسی عێراق، لەلایەن ئیئتیلافەكەی خۆیەوە هەر زوو رەتكراوەتەوە و بەناڕاست لەقەڵەمدراوە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر محەمەد باقر ئەلسەدر كوڕە مامی موقتەدا سەدر چاوی بە حەیدەر عەبادی كەوتووە، لەوبارەیەوە نەدا شاكر جەودەت كە سەر بە فراكسیۆنی نەسرە كە عەبادی سەركردایەتی دەكات بە 42 كورسییەوە، رایگەیاند: ئەوان وەك كوتلەی نەسر هیچ نیازێكی لەوشێوەیەیان نییە بە دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی.

وتیشی: "سەرەڕای ئەوەی چوارەم زۆرترین فراكسیۆنن، بەڵام هیچ پۆستێكی جێبەجێكارییان نییە لەحكومەتدا، بەڵام هێشتا زووە ئەوە بوترێت كە كابینەكەی عەبدولمەهدی كەموكورتیی هەیە و پێویستە بگۆڕدرێت".

سەبارەت بەكۆبوونەوەكەی باقر سەدر لەگەڵ عەبادی-ش، نەدا وتی: "كۆبوونەوەیەكی تەشاوریی بووە و هیچ بڕیار و راسپاردەیەكی لەبارەوە نەبووە".

ئا: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure