دواڕۆژ زانیاری ورد سەبارەت بەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی ئاشکرادەکات

هەواڵ / کوردستان :: 19/03/2019‌ :: 1816‌ جار بینراوە
سه‌ركرده‌یه‌كى یه‌كێتى: پارتی دەیەوێت وا نیشانی بدات كە ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان ناوێت

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

به‌رپرسێكى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا یەکێتی وتویه‌تى كه‌ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان ناوێت به‌ڵكو داوای وه‌زاره‌تێكى سیادی ده‌كه‌ن، بەڵام به‌رپرسێكى یەكێتی ئەو زانیارییە رەتدەكاتەوە.


(ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2019) شاندی دانوستانی پارتی دیموكراتى كوردستان سەردانی شاری سلێمانی-ی كرد و لەگەڵ شاندی دانوستانی یەكێتی نیشتیمانى كوردستان كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی وەفدی دانوستانی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: كۆبوونەوەكەیان سەركەوتوو بووە و بەردەوامیش دەبێت.

ده‌رباره‌ى پرسه‌ تاوتوێكراوه‌كان سەرچاوەیەكى به‌رپرس لە پارتی بە دواڕۆژی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەكێتی پێیڕاگەیاندین كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان ناوێت، چونكە گرنگی نەماوە، بەڵكو پۆستی وەزارەتێكی سیادییان لە یەكێك لە وەزارەته‌كانى (ناوخۆ، سامانە سروشتییەكان، دارایی) ده‌وێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتیشى: "یه‌كێتى داواشیكردووه‌ ئەگەر یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ش نەبوون، وەزارەتی پێشمەرگە یان راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش-یان ده‌وێت، وەفدەكەی پارتیش پێیان راگەیاندوون تاوتوێی داواكەیان دەكەن".

بەڵام سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی رەتیكردەوە ئەوان سەرۆكی پەرلەمان رەتبكەنەوە و بە دواڕۆژی راگەیاند: یەكێتی وتویەتی لە سەرۆكایەتی هەرێم جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی دەوێت، چونكە هێزی هەیە، جێگری سەرۆكی حكومەتی دەوێت، چونكە نابێت لەبەرئەوەی سەرۆكی پەرلەمانی پێدەدرێت داوای ئەو پۆستانەی دیكە نەكەن، پاشان گفتوگۆ لەسەر وەزارەتەكانی دیكەش دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "پارتی دەیەوێت وا نیشانی بدات كە ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان ناوێت، بەڵام شتی وانییە، بۆ وەزارەتی سیادیش یەكێك لەم سێ وەزارەتەمان دەوێت (ناوخۆ و سامانە سروشتییەكان و دارایی)، چونكە ئێستا لای ئێمە وەزارەتی پێشمەرگە سیادی نییە".

سەبارەت بەوەی كە بەپێی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان وەزارەتی دارایی بە گۆڕان دراوە، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە: "ئێمە كێشەمان نییە ئەو وەزارەتە بۆ گۆڕانە، ئێمە داوای یەكێك لەو سێ وەزارەتە دەكەین، یان ئەگەر ئەوانەش نەبوون وەزارەتی پلاندانان و دەستەی وەبەرهێنانمان پێبدەن".

ئەوەشی خستەڕوو: مەسەلەكە ئەوە نییە یەكێتی وەزارەتێك یان دەستەیەك وەربگرێت، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە دەبێت لەهەموو سێكتەرەكان یەكێتی تێدا بێت.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure