سلێمانی: ماوەی چوار رۆژە گەنجێك بێسەروشوێنە

هەواڵ / کوردستان :: 19/03/2019‌ :: 1994‌ جار بینراوە
كه‌سوكاره‌كه‌ى له‌ پۆلیسى به‌كره‌جۆ سكاڵایان تۆماركردووه‌

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ماوەی چوار رۆژە گەنجێك لە سلێمانی بێسەروشوێنە، كەسوكاریشی دەڵێن هیچ كێشەیەكیان نییە و دەزگا ئەمنییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە.


ئەحمەد فەرەج گەنجێكی تەمەن 31 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی ئاوبارەی سلێمانی-یە و پێشتر لەگەڵ برایەكی دیكەی لە دوكانی گەس-دا كاریده‌كرد.

یادگار فەرەجی برای (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ى ئازارى 2019) بە دواڕۆژی وت: سەرلەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو براكەیان لە ماڵەوە رۆیشتۆتەوە دەرەوە، بەڵام لەوكاتەوە هیچ هەواڵ و سۆراخێكی نییە و كەس نەیبینیوە.

وتیشى: "ئەحمەد كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووە و دەزگا ئەمنییەكانیشمان لەدیارنەمانی ئاگاداركردۆتەوە و له‌ بنكه‌ى پۆلیسى به‌كره‌جۆ سكاڵامان تۆماركردووه‌".

سەبارەت بەوەی ئایا براكەیان پاسپۆرت و بەڵگەنامەی فەرمییەكانی لەگەڵ خۆیدا بردووە یان نا، یادگار روونیكردەوە: "براكەم تەنها ناسنامە و كارتى نیشتیمانى و مۆڵەتى شۆفێرییەكەی پێیە و پاسپۆرتەكەی لای خۆمانە، باسی هیچیشی نەكردووە كە بەنیازی دەرەوەی وڵات بێت".

دواڕۆژ بۆ وەرگرتنی رای لایەنە فەرمییەكان لەسەر دیارنەمانی ئەو گەنجە، چەند جارێك پەیوەندی بە نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure