سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌سه‌ر هه‌موارى ياساى ره‌گه‌زنامه‌ هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / عێراق :: 20/03/2019‌ :: 243‌ جار بینراوە
ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

دواى ئه‌وه‌ى هه‌موارى یاساى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى هه‌ڵایه‌كى سیاسى و میدیایى به‌دواى خۆیداهێنا، وته‌بێژى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌ى هه‌مواره‌ هاته‌ده‌نگ.


شاكر حامد، وتەبێژی فه‌رمى محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سەرۆكی په‌رله‌مانى عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێگى رۆژنامه‌وانیدا (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ى ئازارى 2019)  ئاشکرایکرد: په‌رله‌مان پێیوایە پڕۆژە هەمواری یاسای رەگەزنامەی عێراقی بەو جۆرەی ئێستای رەتكراوەیە.

وتیشى: "هێزە سیاسیەكان جەختدەكەنەوە لەسەر دەنگدان لەسەر پڕۆژەی هەموارەكە لە رۆژانی داهاتوودا بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ حكومەت بۆ دووبارە لێكۆڵینەوە لەبارەیەوە".

دووشەممەی رابردوو 11ی ئازار په‌رله‌مان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای رەگەزنامەی عێراق کرد کە لە هەموارەکەدا رێگەدەدات بە هەر بیانییەک کە ساڵێک لە عێراقدا ژیابێت، ئەوا رەگەزنامەی پێبدرێت.

یەحیا محەمەدی، پەرلەمانتاری عێراقی لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی پڕۆژەیاساکەی ئامادەکردوە و حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی-ش رەزامەندی لەسەر داوە و ناردویەتی بۆ پەرلەمان.

هه‌موارى یاساكه‌ نیگەرانی پەرلەمانتارانی لێکەوتوەتەوە و پێیانوایە کە هەموارەکە چەند ماددەیەکی تیادایە لە قورسایی رەگەزنامەی عێراقی کەمدەکاتەوە و بە ئاسانی بەدەستدێت، هەندێکیشیان دەڵێن کە ئەم هەموارە بۆ ئەوەیە نفوزی ئێرانی لە عێراق زیادبکات.

له‌ به‌رامبه‌ردا لایەنگرانی هه‌مواره‌كه‌ش دەڵێن: "ئەم یاسایە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە لەسەردەمی سەدام حسێندا لەپێش ساڵی 2003 تووشی راگواستن و ئاوارەبوونی زۆرەملێ بوون".

لە بەرامبەر ئەم رەخنانەش بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەنراوێکی دەربارەی بڕگەکانی یاساکە دەرکرد.

لەڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە هێشتا یاساکەی ساڵی 2006 کاری پێدەکرێت و هەر کەسێک هاوسەرگیری بکات لەگەڵ بیانییەکدا دەبێت 10 ساڵ زیاتر لە عێراقدا مابێتەوە ئەوکاتە رەگەزنامەی پێدەدرێت.

باس لەوەشکراوە: بەڵام پێدانی رەگەزنامە بۆ ئەو کەسانەی کە ماوەی ساڵێک لە عێراق مابێتنەوە، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەسەردەمی سەدامدا بەزۆرەملێ عێراقیان پێ جێهێڵدرابێت و لەو کاتەوە مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە هەبووبێت و بەهۆی دەرکردنیان لە عێراق نەیانتوانیبێت تەواوی بکەن.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure