هه‌سه‌ده‌ له‌باره‌ی پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان زانیاری نوێ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 19/03/2019‌ :: 26934‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لى

دواى كۆنترۆڵكردنى كامپى داعش له‌ باغۆز له‌لایه‌ن هێزه‌كانى سوریای دیموكراته‌وه‌، فه‌رمانده‌یه‌كى هه‌سه‌ده‌ بۆ دواڕۆژ له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانی لای داعش رونكردنه‌وه‌ ده‌دات.


نوح مسته‌فا، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى سوریا دیموكرات له‌ باغۆز بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌مرۆ 19ی ئازار كامپى داعش له‌ باغۆز له‌ده‌ست چه‌كداره‌كانى داعش رزگاركرا و نزیكه‌ى 300 داعش خۆیان راده‌ستى هێزه‌كانمان كردووه‌ و 157 چه‌كداری دیكه‌ش كه‌ هه‌وڵى هه‌ڵاتنیان داوه‌ له‌لایه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ ده‌ستگیركراون".

سه‌باره‌ت به‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ سنوری كه‌ركوك به‌ دیلی كه‌وتنه‌ ده‌ست داعش و ده‌وترێت لای چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ن له‌ باغۆز، نوح مسته‌فا وتی: "هێزه‌كانمان به‌ وردى به‌دواداچونیان بۆ هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دیلانه‌ كردووه‌ كه‌ پێشتر كه‌وتبوونه‌ ده‌ست داعش، به‌ڵام تا ئه‌م نیوه‌ڕۆیه‌ هیچ سه‌ره‌داوێك له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى هه‌سه‌ده‌ وتیشى: "چه‌كداره‌كانى داعش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردبێته‌ باغۆز، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر به‌ گومانین، چونكه‌ تائێستا سێ كۆڵانى گه‌وره‌ له‌ ده‌ست داعشدان و پێده‌چێت تا ئه‌مشه‌و ئه‌و كۆڵانانه‌ش كۆنتڕۆڵ بكرێن، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان له‌وێ نه‌بن، ئیتر دڵنیاده‌بین كه‌ پێشمه‌رگه‌ دیله‌كان له‌ باغۆز نین".

له‌ئێستادا هێزێكى دژه‌تیرۆر له‌ باغۆز له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌دا دژى داعش شه‌ڕده‌كات كه‌ نزیكه‌ى مانگێكه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات چوونه‌ كۆبانێ و پاشان دێره‌زۆر و باغۆز.

له‌باره‌ی هه‌مان پرس، لاهور شێخ جه‌نگى راگه‌یاندبوو ئه‌و هێزه‌ى دژه‌تیرۆر كه‌ ئێستا له‌ باغۆزه، نه‌ك ته‌نیا بۆ شه‌ڕ چووه‌، به‌ڵكو سه‌ره‌داوێكى پێگه‌یشتووه‌ له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ دیله‌كانى لای ده‌ست داعش كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بن.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ كه‌ داعش هاته‌ عێراقه‌وه‌ تاوه‌كوو ئێستا چاره‌نوسى 62 پێشمه‌رگه‌ی دیل دیارنییه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure