خامنەیی و سیستانی.. لەمەزهەبدا یەك و لەواقیعدا دژیەك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 21/03/2019‌ :: 6893‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محەمەد


سەردانی ئەمدواییەی حەسەن رۆحانی بۆ عێراق لای چاودێرانی ناوخۆ و دەرەوە چەندین پرسیاری دروستكردوە، بەڵام ئەوەی نادیار و شاراوەیە، تەنیا گەشتەكەی رۆحانی نییە، بەڵكو پەیوەندی ئەیەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی جیهانە.

 

رادیۆ فەردای فارسی لەسەر ئەو بابەتە نووسیوێتی: لە گەشتەكەی حەسەن رۆحانی و وەفدی یاوەری بۆ عێراق تەنها شتێك كە نەبینرا ئەوە بوو هیچ پەیامێك تەنانەت سڵاوێكیش لەلایەن عەلی خامنەیی وەك رێبەری باڵای ئێران ئاڕاستەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە نەكرا و لەلایەن سیستانیشەوە بەهەمانشێوە.

 

هەڵویستی ئەو دوو مەرجەعەی شیعە، لە دوو وڵاتی دۆست و دراوسێ بەرامبەر بە یەكتری، دەبێت لە مەكتەبی فیقهی نەجەف و مەكتەبی فیقهی قوم روون بكرێتەوە.

 

لەڕاستیدا مەكتەبی نەجەف بە هەزار ساڵ مێژووەوە  سەرەكیترین و گەورەترین ناوەندی شیعەیە لە جیهاندا، بەڵام مێژووی دامەزراندنی مەكتەبی قوم لەلایەن شێخ عەبدولكەریم حائیری یەزدی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1922 واتە كەمتر لە 100 ساڵ و مێژووی ئەو دوو مەكتەبە بەیەك بەراورد ناكرێن و ناچنە یەك ئاستەوە.

 

سەڕەرای ئەوەی نەجەف ناوەندی سەرەكییە، بەڵام لە مەكتەبی قومدا ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە مەكتەبی نەجەف لە ئێران و وڵاتانی بیانییەوە لەو مەكتەبەدا خوێندویانە و دەخوێنن، بۆیە نەك تەنیا ئەو بابەتە، بەڵكو پێگەی سیاسی قوم ئەو مەكتەبەی بە هاتنی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە خێراترین كاتدا لە مەكتەبێكی ئایینی بۆ مەكتەبێكی سیاسی گۆڕدرا.

 

گۆڕانكاری لە مەكتەبی قوم لەكاتێكدایە تائێستا مەكتەبی نەجەف لە پێگەی ئایینی خۆیدا ماوەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك تێیدا رووینەداوە، هەرچەندە هەردوو مەكتەب لە مێژووی هاوچەرخیاندا لەژێر كاریگەری مەرجەعە ئێرانییەكان و لەوانە ئایەتوڵا ئەبولقاسم خۆیی لە نەجەف و لەئێران ئایەتوڵا خومەینی بوون و هەن.

 

جیاوازی رەوت و رەوشی ئەو دوو مەرجەعە (خومەینی و خۆیی) شتێكی شاراوە نییە و هەمووان لێی ئاگادارن، ئایەتوڵا خۆیی زۆر بە قورسی خۆی لە سیاسەت دوور دەخستەوە و پێگەی خۆی لە راوێژكاریی  دەسەڵاتدا دەبینییەوە.

 

ناوبراو بە ئاشكرا هیچ وتەیەكی دژی محەمەد رەزا شای پەهلەوی شایی پێشووی ئێران نەوت، بەڵام لەبەرامبەردا ئایەتوڵا خومەینی "سومبول و هێمای بەرخودان و جەنگی سیاسی بوو" لەڕوانگەی شوێنكەوتووانییەوە.

 

ئەم جیاوازییە لەو كاتەوە سەریهەڵدا كە ئیمام خومەینی بە رابەرایەتی شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی، پێگەی خۆی لە فیقهـ و مەرجەعێكی ئایینییەوە گواستەوە بۆ پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و ئەو میراتەی بۆ ئایەتوڵا خامنەییش بەجێهێشت.

 

لەبەرامبەردا ئایەتوڵا خۆیی بەرووكردن لە ئیسلامی غەیری سیاسی و نزیكبوونەوە لەو رەوتە، ئەو پێگە ئایینییەی خۆی بە میرات بۆ ئایەتوڵا سیستانی جێهێشت.

 

لەكۆتایدا ئەوەی جیاوازی ئەو دوو مەكتەبە رووندەكاتەوە، تێڕوانین و بڕوایانە بە نەریت و پێودانگەكانی ئیسلام، واتە قوم ناوەندی ئیسلامی سیاسی و نەجەف ناوەندی ئیسلامی غەیرە سیاسییە.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure