ئایا مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دادەخرێت ؟

هەواڵ / ئابوری :: 19/03/2019‌ :: 306‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


ئامادەكارییەكانی پێشوازی لەگەشتیاران لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ دەستیپێكرد و بەهۆی هاتنی پشووەكانی جەژنی نەورۆزیش، ئەمساڵ پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، كاروباری بازرگانی راناگیرێت.

لیوا مەریوان كەمال، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو بڕیارەی كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە دەركرا بۆ وەرنەگرتنی رسوماتی 25 هەزار دیناری لەگەشتیارانی ئێرانی و رۆژهەڵات، كاریگەری لەسەر زیادبوونی هاتنی گەشتیاران هەیە.

ناوبراو، وتیشی: "ئامادەكارییەكانیش بۆ پیشوازی لەگەشتیاران بەهاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیپێكردووەو لای خۆمانەوە هەموو كارئاسانییەك بۆ هاتن و چوونی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئێران و شارەكانی رۆژهەڵات دەكەین".

روونیشیكردەوە: بەبۆنەی هاتنی پشووەكانی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزیشەوە ئەمساڵ كاروباری بازرگانی لەمەرزی باشماخ لەنێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران راناگیرێت و مەرزەكە بەرووی بازرگانان و شۆفێراندا كراوه‌ ده‌بێت، ئەمڕۆش لەگەڵ ئاغای فەریدى كە بەپرسی مەرزی باشماخی ئێرانە قسەمان كرد و جه‌ختیان كردەوە، كە بەهیچ شێوەیەك ئەوانیش نایانەوێت كاروباری بازرگانی لەنەورۆزدا بوەستێت.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure