نادر رۆستى: پلانمان هه‌یه‌ ئه‌مساڵ داهاتی گه‌شتیاری بگه‌یه‌نینه‌ یه‌ك ملیار دۆلار

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 18/03/2019‌ :: 352‌ جار بینراوە
نادر رۆستى

دواڕۆژ، سامان قوبادى

"ساڵى رابردوو سێ ملیۆن گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێستاش كه‌ وه‌رزى گه‌شتوگوزاره‌ ده‌مانه‌وێت رێژه‌كه‌ بۆ سه‌ر و سێ ملیۆن كه‌س به‌رزبكه‌ینه‌وه‌و  داهات بگه‌یه‌نینه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلار"، ئه‌مه‌ وته‌ی نادر رۆستى وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاره‌ له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا.


دواڕۆژ: ژماره‌ى ئوتێل و ریستۆرانت و شوێنى گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێم چه‌نده‌؟ 
نادر رۆستى:
623 ئوتێل، زیاتر له‌ 360 مۆتێل، 85 گوندى گه‌شتیاریى، نزیكه‌ى دوو هه‌زار ریستۆرانت و كافتریا و خواردنگه‌ى خێرامان هه‌یه‌.

دواڕۆژ: پلانى ئه‌مساڵ بۆ وه‌رزى گه‌شتوگوزار چییه‌؟ ده‌تانه‌وێت رێژه‌ى گه‌شتیار بۆ چه‌ند به‌رزبكه‌نه‌وه‌؟
نادر رۆستى:
تا ساڵى 2025 پلانێكى ستراتیژیمان هه‌یه‌، له‌سه‌ره‌تاى هه‌موو ساڵێك پلان داده‌ڕێژین، بۆ 2019 كۆمه‌ڵێك چالاكى و ئامانجمان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ین به‌ ئه‌نجامێكى باش، بۆ نموونه‌ له‌ 2018 ژماره‌ى گه‌شتیاران سێ ملیۆن بوو، ئه‌مساڵ به‌رزيده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ سێ ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار، هه‌روه‌ها پلانمان هه‌یه‌ داهاتى گه‌شتیارى به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان و خزمه‌تگوزاریى زیادبكه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك چالاكى جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر وه‌رزه‌كاندا.

دواڕۆژ: تائێستا چه‌ند هه‌زار گه‌شتیار هاتونه‌ته‌ هه‌رێم؟
نادر رۆستى:
به‌پێى زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ژماره‌ى ئه‌و گه‌شتیارانه‌ى تائێستا هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم زۆر زیاتره‌ له‌ ساڵى رابردوو.

دواڕۆژ: پێشبینى ده‌كه‌ن ئه‌مساڵ داهاتى گه‌شتیار بۆ هه‌رێمی كوردستان بگاته‌ چه‌ند، هه‌ر گه‌شتیارێك كه‌ دێت چه‌ند خه‌رج ده‌كات؟
نادر رۆستى:
داهاتى گه‌شتیار بۆ بازاڕ و هاووڵاتییانه‌، به‌پێى لێكۆڵینه‌وه‌كانمان هه‌ر گه‌شتیارێك گه‌ر سێ شه‌و له‌ ئوتێل بمێنێته‌وه‌، 300 دۆلار خه‌رج ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر 3.5 ملیۆن گه‌شتیاریش بێن ئه‌وا كۆی داهات ده‌گاته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ داهات بۆ بازاڕو خه‌ڵك به‌ راسته‌وخۆ قازانج ده‌كه‌ن.

دواڕۆژ: بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخى ئوتێل و ریستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان چیتان كردووه‌؟
نادر رۆستى:
نرخى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان هه‌رزانترینه‌ له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى دراوسێ، له‌ دوو ساڵی رابردوودا نرخه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاسته‌ى زۆرێك له‌ ئوتێله‌كان وتیان ناتوانین زیاتر نرخ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و دایده‌خه‌ین، به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ له‌ جه‌ژن و بۆنه‌یه‌كدا ئاساییه‌، چونكه‌ شه‌پۆلی گه‌شتیاران زیادده‌كات.

دواڕۆژ: زۆرینه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ی ئوتێل و ریستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، ده‌رچووى په‌یمانگا یان كۆلێژی گه‌شتوگوزار نین، جگه‌ له‌وه‌ زمانێكى بیانى نازانن، بۆچى زانینى زمان و بڕانامه‌ى گه‌شتوگوزار ناكه‌ن به‌ مه‌رج؟
نادر رۆستى:
یه‌كێك له‌و ته‌وه‌رانه‌ى ئه‌وله‌ویه‌ته‌ په‌ره‌پێدانى  خوێندنى ئه‌كادیمى له‌ بوارى گه‌شتیاریدا، بۆ ئه‌وه‌ى كادیرى گه‌شتیارى ئیداره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ بكات، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌رچووى ئه‌م به‌شه‌ن تاچه‌ند توانیویانه‌ یان نا له‌م كه‌رته‌دا كاربكه‌ن، ئه‌مه‌ پڕۆسه‌یه‌كه‌ كێشه‌ و گرفتى تێدایه‌، ره‌نگه‌ زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ زمانى عه‌ره‌بى یان ئینگلیزی نه‌زانن، ئێمه‌ مه‌رجمان هه‌یه‌ بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌بێت ئه‌وانه‌ى كارده‌كه‌ن له‌ شوێنێك 30%یان ده‌رچووى گه‌شتوگوزار بن، جگه‌ له‌وه‌ پێویسته‌ 50%ى هاووڵاتییانى كوردستان بن، به‌ڵام كێشه‌ له‌ جێبه‌جێكردنیدا هه‌یه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌رێگه‌ى پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشه‌یه‌ بكه‌ین. 

دواڕۆژ: تائێستا ئه‌م كه‌رته‌ بودجه‌یه‌كى تایبه‌تى نییه‌، یاخود نه‌توانراوه‌ گه‌شتوگوزار بكرێته‌ چاره‌سه‌رى به‌شێك له‌ قه‌یرانى دارایى و وه‌به‌رهێنانى تێدابكرێت، بۆچى؟
نادر رۆستى:
به‌پێى یاسا داوامانكردووه‌ كه‌رتى گه‌شتیاریى بودجه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌بێت، تائێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆى ته‌رخاننه‌كراوه‌، داواكارین ساڵى داهاتوو دابینبكرێت، یان رێگه‌مان پێبدرێت داهاتى گه‌شتیاریى بخرێته‌وه‌ خزمه‌تى ئه‌م كه‌رته‌، یه‌كه‌مین كه‌رت بووین له‌ 2016 بووینه‌هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى، ئه‌ویش به‌هێنانى ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌شتیار بۆ هه‌رێم توانیمان بازاڕه‌كانى كوردستان بجوڵێنین.

دواڕۆژ: به‌ڵام ته‌نانه‌ت یاسایه‌ك نییه‌ بۆ رێكخستن و په‌ره‌پێدانى كه‌رتى گه‌شتوگوزار؟
نادر رۆستى:
پێش قه‌یرانى دارایى پڕۆژه‌یاساى گه‌شتوگوزارمان ئاماده‌كرد، له‌ دواى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌م خوله‌ نوێیه‌ى په‌رله‌مان، ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستانى ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ یاسای پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیاری.

دواڕۆژ: زۆربه‌ى كافێ و ریستۆرانت و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكى بیانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن، له‌كاتێكدا گه‌نجێكى زۆرى ده‌رچووى زانكۆ هه‌یه‌ و بێكار، بۆچى؟
نادر رۆستى:
ژماره‌ى كادری شاره‌زا و پسپۆڕمان كه‌مه‌، بۆیه‌ ئوتێل و برانده‌كان په‌نا بۆ خه‌ڵكى بیانى ده‌به‌ن، برانده‌كانى گه‌شتیاریى كادره‌كانى خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێنن، چونكه‌ له‌سه‌ر ستانداردى جیهانى كارده‌كه‌ن، كه‌س ناتوانێت رێگه‌یان لێبگرێت، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ كادیرى مام ناوه‌نده‌ نه‌توانراوه‌ هه‌لى كاریان بۆ ده‌ستبه‌ر بكرێت، چونكه‌ كه‌رتى تایبه‌ت كێشه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

دواڕۆژ: مالیزیا شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى ده‌ستكردن و خه‌رجى زۆر و به‌رده‌وامى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان ده‌یان شوێنى گه‌شتیاریى سروشتیمان هه‌یه‌، ئایا ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌بردنێكى باشى هه‌بوایه‌ ئێستا كوردستان له‌ مالیزیا پێشكه‌وتووتر نه‌ده‌بوو؟
نادر رۆستى:
راسته‌، به‌پێى پلانه‌ ستراتیژه‌كه‌مان ده‌مانه‌وێت وه‌به‌رهێنان له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان بكه‌ین، 67 پڕۆژه‌ له‌ 67 شوێن دیزاینى بۆ كراوه‌، 670 شوێن پۆلێن و ئاماده‌كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كاریان له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌م پرۆژانه‌ بنه‌ماى مرۆیى و سروشتى و وه‌به‌رهێنان و خزمه‌تگوزاریان هه‌یه‌ و سودیان لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ كات هه‌یه‌، ده‌بێت دۆخى ئه‌منى و داراییش باشتر بێت، پرۆژه‌كان سه‌رجه‌م بواره‌كان له‌خۆده‌گرێت و دابه‌شكراون به‌سه‌ر شاره‌كانى هه‌رێمدا.

دواڕۆژ: داهاتى رسومات چه‌نده‌ و چى لێده‌كرێت؟ پێشبینى ده‌كه‌ن داهاتى ئه‌مساڵ بۆ چه‌ند به‌رزبێته‌وه‌؟
نادر رۆستى:
داهاتى رسومات و باج و به‌ركرێدانى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانمان هه‌یه‌، ته‌نیا سه‌رپه‌رشتى رسومات ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌مساڵ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ چوار ملیار و 500 ملیۆن دیناره‌وه‌ به‌رزى بكه‌ینه‌وه‌ بۆ 5 ملیار دینار.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure