شه‌هلا به‌ر له‌وه‌ى خۆى بسوتێنێت منداڵه‌كه‌ى ماچكرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/03/2019‌ :: 26973‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محه‌مه‌د مسته‌فا


له‌ناكاو ده‌نگی قیژه‌ و هاوار ئارامى گه‌ڕه‌كى تێكدا، دراوسێكان به‌په‌له‌ به‌ره‌و ماڵى شه‌هلا رۆیشتن و له‌نێو حه‌وشه‌ى ماڵه‌كه‌یدا ته‌رمه‌كه‌یان به‌ سوتاوى بینى، ئه‌و روداوه‌ دانیشتوانى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى  قه‌زاى رانیه‌ى سنورى ئیداره‌ى راپه‌ڕینى توشی شۆك كرد.

 
ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاى چیرۆكی گیان له‌ ده‌ستدانی (شه‌هلا)ی ته‌مه‌ن 49 ساڵان بوو كه‌ دایكى سێ منداڵ بوو به‌یانی 14 ی ئازاری 2019 له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یان كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا .

 به‌ر له‌ مه‌رگى كوڕه‌كه‌ى ماچكرد 

 هاوكار ناوى خوازراوى یه‌كێكه‌ له‌ كوڕه‌كانی شه‌هلایه‌ كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر باوكیشی كۆچى دوایی كردووه‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ ماوه‌ی 13 ساڵ بوو دایكی دوچاری نه‌خۆشی ده‌روونی ببوو، به‌ڵام هه‌رگیز باسی خۆ كوشتن و خۆسوتاندنی نه‌ كردووه‌، به‌ڵكو زۆر كات به‌ بێده‌نگی داده‌نیشت .

 ئه‌و به‌ دواڕۆژى وت:"به‌یانی رۆژی رووداوه‌كه‌ من له‌ده‌ره‌وه‌ بوون، دایكم له‌گه‌ڵ دوو برا و خوشكه‌ بچوكه‌كه‌م له‌ ماڵه‌وه‌ بوون و پێكه‌وه‌ نانیان خواردووه‌ و پاشان برا بچوكه‌كه‌مى ماچ كردووه‌ ، دواتر له‌ حه‌وشه‌ى ماڵه‌كه‌ماندا نه‌وتى كردووه‌ته‌ به‌خۆیداو ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری جه‌سته‌ی سوتا و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ ڕووداوه‌كه‌ گیانی له‌ ده‌ستداوه‌" .

قیژه‌ی شه‌هلا دانیشتوانى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى به‌ خه‌به‌رهێنا
 روقیه‌ ناوى خوازراوى دراوسێیه‌كى ماڵى شه‌هلایه‌و شایه‌تحاڵێكی ڕووداوه‌كه‌یه‌، ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتی" سه‌رقاڵی كاری ناوماڵ بووم، له‌ ناكاو گوێم له‌ ده‌نگی قیژه‌ و هاوار بوو ، به‌په‌له‌ رامكرده‌ ده‌ره‌وه‌ ، بینیم له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یان ئاگر له‌ جه‌سته‌ی شه‌هلا به‌ربوه‌ و سه‌رجه‌م گیانی سوتاوه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك له‌ ڕێگه‌ی پێداكردنی ئاو و به‌تانی ئاگری جه‌سته‌یمان كوژانده‌وه‌، به‌ڵام بێ سود بوو چونكه‌ شه‌هلا  گیانی له‌ ده‌ستدا" .
وتیشى:" له‌و ساته‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌م بینیوه‌ تا ئێستاش تاساوم و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك به‌ هۆی ڕووداوه‌كه‌ توشی دڵته‌نگی و سه‌رسوڕمان بوون ، چونكه‌  شه‌هلا ژنێكی بێ ده‌نگ و له‌سه‌رخۆ بوو هه‌رچه‌نده‌ توشی نه‌خۆشی ده‌رونیش ببوو ، به‌ڵام به‌گشتی خۆی و منداڵه‌كانیشی زۆر بێ كێشه‌ و گرفت بوون" .

"هیچ كه‌س له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ده‌ستگیر نه‌كراوه‌
شۆڕش ئیسماعیل وته‌بێژی پۆلیسی راپه‌ڕین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند : دوای رووداوه‌كه‌ راسته‌وخۆ هێزه‌كانی پۆلیس چونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ و  ده‌ستیان كردووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش پۆلیس و پزیشكی دادی ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ خۆی ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌رداوه‌ .

وتیشى:" كه‌س و كاری قوربانیه‌كه‌ داوایان له‌سه‌ر هیچ كه‌سێك تۆمار نه‌كردووه‌ و كه‌سیش له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ ده‌ستگیر نه‌كراوه‌ ، به‌ڵام پۆلیسی راپه‌ڕین دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ رووداوه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌".


پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure