لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچە فرۆشتن به‌قیست ده‌بوژێنێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 18/03/2019‌ :: 657‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

دوای کۆتاییھاتنى سیستمی پاشەکەوت و دابه‌شكردنى مووچەی فەرمانبەران بەبێ پاشەکەوت، لەئێستادا ھاووڵاتیان و فەرمانبەران ده‌ستیان كردوه‌ته‌وه‌ بە كڕینی پێداویستییەکانیان به‌شێوازى قیست.


ژوان جەلال، بەڕێوەبەر یه‌كێك له‌ مۆبیلیاته‌كان بۆ فرۆشتنى كه‌لوپه‌لى ناوماڵ لە شاری سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "ئێمە پێشتر فرۆشمان بۆ فەرمانبەران به‌شێوازى قیست و مانگانە لەکاتی ھاتنی مووچەدا پاره‌كه‌یان بۆ ده‌هێناین، بەڵام لەدوای قەیرانی دارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچە،  فرۆشتنى قیست به‌ فەرمانبەران راگیرا، چونكه‌ گەڕانەوەی قیستەکان زۆر دواکەوتن".

وتیشی: "فەرمانبەر ھەبووە مانگانە ٢٠ ھەزار دینار قیستی بۆ ھێناوینەتەوە یان ھەبووە ھەر نەیھێناوەتەوە، لەئێستادا باشبوونی مووچە جێگه‌ی دڵخۆشیە بۆ ئێمە بۆ گەڕانەوەی قیستەکانمان".

لەبارەی دەستپێکردنەوەی فرۆشتن بۆ قیست بۆ فەرمانبەران دەڵێت: "لەئێستادا زۆر گەرم نییە، چونکە ھێشتا فەرمانبەران و کۆمپانیاکان زۆر دڵنیانین کە مووچە بەبێ پاشەکەوت بەردەوام ده‌بێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت جوڵەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".

لەساڵانی پێش قەیرانی دارایی و بڕینی مووچەی فەرمانبەران زۆربەی زۆری فەرمانبەران بەشێوەی قیست پێداویستیەکانی ماڵیان ده‌كڕى، بەڵام چەند ساڵێکە بازاڕی فرۆشتن به‌قیست وەستاوه‌و کزبووە.

رەھێڵ سەمەد، فرۆشیاری مۆبایل لە بازاڕی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: کڕینی مۆبایل بە قیست داخوازی زۆری لەسەرە، بەڵام به‌هۆى پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، ده‌ترساین مۆبایل بەقیست بفرۆشین، لە ئێستادا کە پاشه‌كه‌ت هه‌ڵگیراوه‌ و مووچە دابەشکراوە بۆ ئێمە جێگه‌ی دڵخۆشیە".

وتیشى: "فەرمانبەران داوای قیستمان لێدەکه‌ن و بەنیازین دەستپێبکەینەوە، بەڵام چاوەڕوان ده‌كه‌ین تا دڵنیابین پێدانی مووچە بەردەوام دەبێت یان نا، ئەوکات ئێمەش بڕیاردەدەین مۆبایل بەقیست بفرۆشین".

پێدانی کەلوپەل بەقیست بە فەرمانبەران پێویستی بە پشگیری فەرمانگەکە و کەفیلێک ھەیە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە تا فەرمانبەر ئەوەی پێویستیەتی بەقیست بیبات.

هاوکات بڵند ئەکرەم، لەکۆمپانیای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەشاری سلێمانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "قیستی ئۆتۆمبێلمان ھەبووە، بەڵام زۆر كه‌مبووه‌وه‌، کەس نەدەھات ئۆتۆمبێل بە قیست بەرێت، بەڵام لەئێستادا جوڵەیەک ھەیە لەناو ھاووڵاتیان و فەرمانبەران کە ڕۆژانە دێن پرسیاری قیستی ئۆتۆمبێل دەکەن و داوای نرخ دەکەن".

دەشڵێت: "قیست بۆ فەرمانبەران ھەبوو، بەڵام کێشەی پاشەکەوتى مووچه‌ وای لە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل کرد، کە پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بۆ فەرمانبەران رابگرن، بەڵام ئێستا دواى باشكردنى  مووچە بێ باشكه‌وت، ھەست دەکەین جوڵەی بازاڕ ھەیە و زۆرێک لە فەرمانبەران ڕۆژانە دێن داوای نرخ و شێوازەکانی قیست دەکەن".

شارەزایەکی ئابوری پێیوایە فەرمانبەران زۆر بەخێرای پەنا نەبەنەوە بەرقیست.

یوسف شەریف، شارەزای ئابوری بۆ دواڕۆژی وتى: "دوای نەمانی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، لەئێستادا فەرمانبەران راسته‌وخۆ دەستناکەنەوە بەقیست ھێنان، چونکە کۆمەڵێک کێشەی تر لەسەر فەرمانبەران کەڵەکەبووە، ده‌ترسن راستەوخۆ پارەکانیان خەرجبکەن".

رونیشیكرده‌وه‌: فەرمانبەران بەردەوام پاشەکەوتیان ھەبووە، بەڵام لە ئێستادا کە لابراوە بۆیە خەرجی بەپەلە دەستپێناکەن و تا دڵنیادەبن لەپێدانی مانگانەی موچەکانیان وەک خۆی".

فەرمانبەران لە ئێستادا یەکەم مووچەی بێ پاشەکەوتیان وەرگرت، لەدوای ساڵی ٢٠١٥ وە کەسیستمی پاشەکەوت راگەیەنرا، ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر فه‌رانبه‌رانى دڵخۆش كردوه‌ به‌ڵكۆ بازرگانانیش دڵخۆشن و چاویان له‌سه‌ر گیرفانى فه‌رانبه‌رانه‌، كه‌ نه‌ك هەر مووچه‌ى ئه‌و مانگه‌ى وه‌ریده‌گرێت خه‌رج بكات، به‌ڵكو ئه‌و مووچه‌یه‌ش له‌ ئاینده‌ وه‌ریدگرێت پێى خه‌رج بكه‌ن.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure