چه‌كدارێك له‌ هۆڵه‌ندا ته‌قه ده‌كات‌ و كوژراو و بریندار‌ هه‌یه‌

هەواڵ / جیهان :: 18/03/2019‌ :: 3977‌ جار بینراوە
"ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هێرشه‌كه‌ تیرۆریستی بێت"

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

رووداوێكی ته‌قه‌كردن له‌ شارێكى هۆڵه‌ندا روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س كوژراو و برینداربوون.


پۆلیسی شاری ئوترێخت (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی ئازاری 2019) رایگه‌یاند: كاتژمێر 10:45 خوله‌كی پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌كاتى هۆڵه‌ندا چه‌كدارێك له‌ناو ترامێكدا ده‌ستڕێژی گولـله‌ی كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س برینداربوون و كوژراویش هه‌یه‌.

پۆلیس ئه‌وه‌شی وت: "ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ هێرشه‌كه‌ تیرۆریستی بێت و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌".

لاى خۆیه‌وه‌ پیتر گاب، سه‌رۆكى ده‌زگاى ریشه‌كێشكردنى تیرۆرى هۆڵه‌ندا له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند: تاوتوێى دۆخه‌كه‌ ده‌كرێت و وتیشى: "پاڵنه‌رى تیرۆرستى به‌دوورنازانرێت. زانیارییه‌كان ته‌واو نه‌بوون".

له‌ شارى لاهاى-یشه‌وه‌ مارك روته‌،ى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته‌ نیگه‌رانى خۆى له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ نیشاندا.

رووداوه‌كه‌ پاش هێرشه‌كه‌ى رۆژى هه‌ینى نیوزله‌ندا دێت كه‌ تیایدا چه‌كدارێك هێرشیكرده‌سه‌ر نوێژخوێنانى دوو مزگه‌وت له‌و وڵاته‌ و به‌هۆیه‌وه‌ 50 كه‌س كوژران و ده‌یانى دیكه‌ش برینداربوون.

وه‌رگێڕانی: هونه‌ر كه‌مال   
پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure