له‌پێناو هاوسه‌ره‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ى رۆحى خۆى كرده‌ قوربانى

هەواڵ / جیهان :: 18/03/2019‌ :: 5415‌ جار بینراوە
پارڤین و هاوسه‌ره‌كه‌ى

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌و چیرۆكانه‌ى كه‌ له‌دواى روداوى هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر دوو مزگه‌وت و ته‌قه‌كردن له‌ نوێژخوێنه‌كانیان له‌لایه‌ن  چه‌كدارێكه‌وه‌ له‌ نیوزله‌ندا ماونه‌ته‌وه‌ زۆرن، چونكه‌ چه‌ندین پاڵه‌وانیان به‌ خه‌ڵكى ناساند چیرۆكى گیانفیداى پارڤین-یش كه‌ خانمێكى به‌نگلادیشیه‌ له‌پێناو هاوسه‌ره‌كه‌یدا یه‌كێكه‌ له‌ چیرۆكه‌ له‌بیرنه‌كراوه‌كان.


چیرۆكى ژیانى هاوبه‌شى حوسن ئارا پارڤین و هاوسه‌ره‌كه‌ى فه‌رید ال-دین، له‌ ساڵى 1994-ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كاتێك كه‌ ئه‌م خانمه‌ ته‌مه‌ن 42 ساڵه‌ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌ و ئیفلیج-ه‌، پاشان روده‌كه‌نه‌ وڵاتى نیوزله‌ندا و له‌وێ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، تا ڕۆژى هه‌ینى مزگه‌وتێكى ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێته‌ كۆتا شوێن كه‌ ئه‌م دوو خۆشه‌ویسته‌ تێیدا یه‌كترى ده‌بینن و چیرۆكه‌كه‌یان بۆ هه‌میشه‌ كۆتاى دێت.
 
ورده‌كارى ئه‌و رۆژه‌ى كه‌ روداوه‌كه‌ تێیدا رویداوه‌ و بووه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى پارڤین گیانى له‌ده‌ستبدات له‌لایه‌ن رۆژنامه‌یه‌كى به‌نگلادیش-ه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و ئاشكرایكردووه‌ "هه‌موو ڕۆژانێكى هه‌ینى پارڤین خۆى و هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌مه‌به‌ستى به‌جێگه‌یاندنى نوێژى هه‌ینى سه‌ردانى مزگه‌وتیان كردووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌ى، فه‌رید له‌سه‌ر كورسى ده‌بێت ناچار سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌باته‌ به‌شى پیاوان و خۆى له‌به‌شى ژنان ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌و رۆژه‌ى كه‌ ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ رووده‌كاته‌ مزگه‌وته‌كه‌یان و ته‌قه‌ له‌ به‌شى پیاوان ده‌كات پارڤین له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ى ترى كه‌ له‌وێ سه‌رقاڵى نوێژكردنن هه‌ڵدێن بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ى ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌م ژنه‌ هاوشێوه‌ى ژنه‌كانى تر هه‌وڵى رزگاركردنى خۆى نادات و رابكات بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو رووده‌كاته‌ به‌شى پیاوه‌كان بۆ رزگاركردنى هاوسه‌ره‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ى، به‌ڵام له‌وساته‌دا بێئاگا له‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ رزگاركراوه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ و چه‌ند گوللـه‌ یه‌ك به‌ر جه‌سته‌ى ده‌كه‌ون و گیان له‌ده‌ستده‌دات".

محفوز شودری، برازاى پارڤین كه‌ هاوكات له‌ مزگه‌وتى (ئه‌ل-نور) دا بووه‌ له‌كاتى روداوه‌كه‌دا له‌باره‌ى روداوه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: "20 خوله‌ك دواى ئه‌وه‌ى روداوه‌كه‌ رویدا پوره‌ پارڤین-م بینى، رایكردن به‌ره‌و به‌شى پیاوه‌كان، به‌ڵام دواتر كه‌وته‌ به‌ر گوللـه‌ و گیانى له‌ده‌ستدا".

رۆژى هه‌ینى 15ى ئازار، چه‌كدارێكى به‌ڕه‌گه‌ز ئوستوراڵى به‌ناوى (بریتون هاریسون تارانت) له‌ نیوزله‌ندا هێرشی كرده‌سه‌ر دوو مزگه‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ 49 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 40ى تریش برینداربوون.

ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure