پارتی یەكێتی ئاگاداركردوەتەوە كە چیتر چاوەڕێی ناكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/03/2019‌ :: 400‌ جار بینراوە
لۆگۆی یەکێتیی و پارتی

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان به‌ر له‌ 5ى نیسان، له‌ماوه‌ى 15 ڕۆژى داهاتوودا یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌موار بكه‌نه‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ خۆى یه‌كلانه‌كردۆته‌وه‌.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، پارتی لایەنی یەكێتی ئاگاداركردووەتەوە كە چیتر بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ‌و راسپاردنی كاندیدی سەرۆكی حكومەت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی چاوەڕێی ناكات و ئەگەر یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت نەچێتە پێشەوە لەگەڵیان، ئەوا كۆتایی ئەم مانگە دەست بەهەنگاوەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن‌ و سەرۆكی نوێی هەرێمیش له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو هەڵدەبژێرن.

گۆڕان‌ و پارتی لە مانگی رابردوودا رێككەوتنێكی سیاسییان واژۆ كرد و بەپێی رێككەوتنەكە هەردوولا كار دەكەن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌ و پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

له‌ڕۆژی 11ى ته‌مموزى 2018، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان پەسەند كرا و به‌پێى یاساكه‌ش تاوه‌كو وه‌رزى یه‌كه‌م له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، یاساكه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ده‌مێنێته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ نیازه‌ به‌ر له‌ 5ى نیسان، راسته‌وخۆ له‌ دواى جه‌ژنى نه‌ورۆز پڕۆژه‌یاساى هەمواری یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌ى یاسایى پێشكه‌شى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكه‌ن و دواتر رێکارەکانی راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستپێبکات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم كاراده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌ویش به‌ له‌كارخستنى یاسای ژماره‌ (18)ى ساڵى (2018)ى هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، قۆناغى دووه‌م یاسای ژماره‌ (2)ى ساڵى (2017)ى تایبه‌ت به‌دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم، قۆناغی سێهه‌م هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (2005)ی هەموارکراو، لەگەڵ دیاریکردنی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان و ئەو لایەنەی کە پەیوەستە بە ئەنجامدانی رێکارەکانەوە، بۆ ئەوەش لایەنی کەم پێویستی بە هەموارکردنەوەی ماددەکانی (یەکەم، دووەم، چوارەم، حەوتەم و هەشتەم)ە لە یاسای سەرۆکایەتی هەیە.

هەموارکردنەوەی یاساکە بەو شێوەیە دەبێت کە سەرۆکی هەرێم بە دەنگدانی پەرلەمان و لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، لەکاتێکدا پێشتر و بەپێی دەقی یاسا هەڵپەسێردراوەکە، سەرۆکی هەرێم بە دەنگدانی گشتی و راستەوخۆ و هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت.

ئومێد خۆشناو، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هیوادارن تا دواى نه‌ورۆز فراكسیۆنى یه‌كێتیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان تاوه‌كو به‌یه‌كه‌وه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌موار بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و یاسایه‌ ڕه‌هه‌ندى نیشتمانى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌هاتن ئه‌وا كات كراوه‌ نییه‌ و په‌رله‌مان یاساكه‌ هه‌موار ده‌كاته‌وه‌".

لاى خۆیه‌وه‌ على حه‌مه‌ ساڵح، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواڕۆژ، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: ئه‌وان بۆ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم پڕۆژه‌ى خۆیان ده‌بێت و هیوادارن هه‌موو فراكسیۆنه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر سیغه‌یه‌ك بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

له‌باره‌ى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ڕێواز فایه‌ق، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كیتیى له‌په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: "چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیى ده‌كه‌ن له‌باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure