ئه‌مریكا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هه‌زار سه‌رباز له‌ سوریا بهێڵێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 18/03/2019‌ :: 110‌ جار بینراوە
هێزى ئه‌مریكا له‌ مه‌نبه‌ج

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پلانى هه‌بێت بۆ هێشتنه‌وه‌ى هه‌زار سه‌ربازى وڵاته‌كه‌ى له‌ سوریا، سه‌رۆك ئه‌ركانى ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێت :"هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌و پلانه‌دا نیه‌ كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ مانگى تشرینى دووه‌م دایناوه‌ بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌ سوریا".

رۆژنامه‌ى ۆڵستریت جۆرناڵى ئه‌مریكى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌وه‌ راپۆرتێكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌ "له‌دواى ئه‌وه‌ى گفتوگۆكانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ توركیا و لایه‌نى كوردى و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ ئه‌وروپا بۆ دروستكردنى (ناوچه‌ى ئارام) له‌ باكورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا  شكستیانهێنا، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت كاره‌كانى له‌گه‌ڵ كورد له‌ سوریا درێژه‌ پێبدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پلانى داناوه‌ هه‌زار له‌ سه‌ربازه‌كانى له‌ سوریا بهێڵێته‌وه‌".

له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى ئازار، جه‌نه‌راڵ جۆوزێف دانفۆرد، سه‌رۆك ئه‌ركانى ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌تى كرده‌وه‌ پلانى له‌و شێوه‌یه‌ بوونى هه‌بێت و رایگه‌یاند "ئه‌و راپۆرته‌ى كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ده‌كات، هه‌زار سه‌ربازى ئێمه‌ له‌ سوریا بمێننه‌وه‌ دوره‌ له‌ راستییه‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نیا مانەوه‌ى 200 سه‌ربازى ئه‌مریكا-یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ پلانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌دا هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا به‌رده‌وامده‌بێت له‌ په‌یوه‌ندیه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ركانى توركیا  بۆ داڕشتنى پلانێكى هاوبه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كان به‌ درێژاى سنورى توركیا و سوریا".

وتیشى: "ئه‌و پلانه‌ى كه‌ دامانڕشتووه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، ئێمه‌ تێڕوانینێكى جێگیرمان هه‌یه‌ و له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوشدا ده‌رده‌كه‌وێت".

سه‌رۆك ئه‌ركانى توركیا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى پلاندانانین له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ترى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شێكبن له‌ قۆناغى گواستنه‌وه‌ى سوریا".

ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure