"هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌دانانی بازگه‌كانیاندا جیاوازی له‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌كه‌ن"

هەواڵ / کوردستانی :: 18/03/2019‌ :: 150‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

په‌رله‌مانتارێكی كورد ئاشكرایده‌كات: هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌دانانی بازگه‌كانیاندا جیاوازی له‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌كه‌ن و به‌شێكیان بۆ هه‌راسانكردنى هاوڵاتیانی كورده‌.

ئه‌لماس فازڵ، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌كو كورد رای خۆمان خستوه‌ته‌ڕوو، كه‌ پێویسته‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش له‌كه‌ركوك دروستبكرێت و هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شێك بێت له‌فه‌رمانده‌ییه‌كه‌.

وتیشی: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچ حوكمێكی سه‌ربازی نین له‌شاری كه‌ركوك، بۆیه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌ و كۆتایی به‌م دۆخه‌ بهێنن، چونكه‌ كه‌ركوكییه‌كان رۆژه‌كانیان به‌ئازاره‌وه‌ تێده‌په‌ڕێنن".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: نه‌بونی نوێنه‌رایه‌تی كورد له‌فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی ئێستای كه‌ركوك نیگه‌ران و بێ متمانه‌ی كردوین، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سه‌ربازییه‌كاندا سه‌باره‌ت به‌دانانی بازگه‌ و ئیتیفزازكردنی هاوڵاتیانی كورد كۆبوینه‌ته‌وه‌، چونكه‌ جیاوازی له‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا ده‌كرێت و  كورد هه‌راسان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ش چاره‌سه‌رنه‌كرێت، جارێكی دیكه‌ ده‌چینه‌وه‌ لای عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.


پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure