پارتی شاندی دانوستانەکەی لەگەڵ یەكێتی دەگۆڕێت

هەواڵ / کوردستان :: 17/03/2019‌ :: 1664‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا بە گۆڕانكاریكردن لە شاندی دانوستانی حیزبەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان (ئەمشەو 17ی ئازاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەبەرئەوەی یەكێتی بڕیاریداوە بە گۆڕینی شاندەكەی بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی، ئەوانیش بڕیاریانداوە گۆڕانكاری لە شاندەكەیان بكەن و رەنگە گۆڕانكاری لە هەموویاندا بكرێت، ئەوەش لەیەك تا دوو رۆژی داهاتوودا یەكلایی دەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی دیكەی پارتی بەدواڕۆژی راگەیاند: رەنگە تەنیا دوو ئەندامی دیكە بۆ شاندەكە زیاد بكرێن ئەوانیش كەمال كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كە پێدەچێت بكرێتە سەرۆكی شاندەكە، هاوكات عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیش بكرێتە ئەندام، ئەوانی دیكەش وەكو خۆیان دەمێننەوە کە پێکدێن لە (دڵشاد شەهاب، فرسەت سۆفی، عەلی حسێن و هێمن هەورامی).

گۆڕانكاری لە شاندەكەی پارتی لە كاتێكدایە دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە و بڕیاریدا گۆڕانكاری لە شاندەكەیدا بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی بكات، بەڵام ناوی ئەندامە نوێیەكانیان ئاشكرانەكرد. 

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure