لەسەر گرانبوونى نرخى ھەندێک خۆراک رونکردنەوە دەدرێت

هەواڵ / ئابوری :: 18/03/2019‌ :: 754‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

نوێنه‌رى كاسبكارانى عه‌لوه‌ى سێمانى ده‌ربارەی گرانبوونی نرخى ھەندێک لە جۆرەکانی سەوزە و میوە له‌ بازاڕه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت: گرانبوونى ئه‌و نرخانه‌ په‌یوه‌ندى به‌لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌وه‌ نیه‌.


عەتا محەمەد، نوێنەری کاسبکاران لە عەلوەى سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "ھەموو ھاووڵاتیانی سلێمانی ئاگاداردەکەینەوە، کە گرانبوونی ھەندێك جۆری پێداویستی ھاووڵاتیان وەک تەماتە و سێو، بەرھەمی ناوخۆی گرانبووە و ھیچ پەیوەندی بە پێدانی مووچە بەبێ پاشەکەوت نیە".

وتیشی: "ئێمە وەک سلێمانی تەماتە و خەیار و سێومان له‌ ئێران ھاوردە دەکرد، بەڵام بەھۆی ئەوەی تاران رێگەنادات ئەو بەرھەمانە ھەناردەى ده‌ره‌وه‌ بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ناوخۆی وڵاتەکەی گران نه‌بێت، لە ئێستادا نرخه‌كانیان لاى ئێمه‌ گرانبووە، لە ئێستاشدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستیانە رومانکردوه‌تە تورکیا و میسر".

رونیكرده‌وه‌: "پێشتر کیلۆیەک تەماتەی ئێران بە 400 دیناربوو، بەڵام ئێستا تەماتەی ناوخۆی بەسرە ھەیە، کە کیلۆی بووە بە 1200 دینار واته‌ به‌رێژه‌ى200% زیادبووە، تەماتەی میسری ھەر تەنێکی پێشتر بە 315 دۆلار بووە، ئێستا بووە بە 550 دۆلار، تەماتەی تورکیش به‌رێژه‌ى 200% گرانبووە، پێشتر بە 500 دۆلار بووە، ئێستا بە 900 دۆلاره‌".

راشیگه‌یاند: رێگری ئێران لەھەناردەکردنی سێو و خەیار، نرخى ئه‌وانیش  بەرزبوه‌ته‌وه‌ و گران بووه‌.

نوێنه‌رى كاسبكارانى عه‌لوه‌ى سلێمانى جه‌ختیكردوه‌، گرانبونی ئەو نرخانە پەیوەندی بە گۆڕانکاری  مووچەوه‌ نیە، ھۆکاری سه‌ره‌كى کەمی بەرھەمی ناوخۆ و نەھاتنی تەماتەیە لە ئێرانەوە، بۆیە لەگەڵ نزیکبونەوە لە وه‌رزى به‌هار و ھاوین و هاتنه‌ بازاڕى بەرھەمی جوتیارانی کوردستان  نرخەكان ھەرزان دەبنەوە.

پ: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure