ته‌ندروستى: نابێت نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌ 500 هه‌زار دینار زیاتربێت

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 2898‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


وته‌بێژى وەزارەتی تەندروستی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌مه‌ودوا هه‌موو جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێواران ئه‌نجامده‌درێت و نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانیش به‌پێى جۆره‌كانیان، نابێت له‌ 500 هه‌زار دینار زیاتربێت.


خاڵس قادر، وته‌بێژ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: جگه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان، بڕیارمانداوه‌ نه‌شته‌رگه‌رى له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێوارانیشدا بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش نرخى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به‌پێى جۆره‌كانیان دیاریكراوه‌ كه‌ نابێت له‌ 50 هه‌زار دینار كه‌متر و له‌ 500 هه‌زار دینار زیاتربێت.

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم، چه‌ند مه‌رجێكى بۆ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێواران دیاریكردوه‌، له‌وانه‌: "هەموو ئەو نەشتەرگەرییە گەورە و بچووکانەی لە بەیانیاندا لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەکرێن، ده‌بێت لە ئێوارانیشدا بکرێن، هه‌روه‌ها دەبێت نەشتەرگەری ئێواران لە دوای کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ بێت و دەوامی بەیانیان تەواوبووبێت و ناشبێت نرخەکان لەو نرخە زیاتر بێت کە وەزارەتی تەندروستی دیاریدەکات".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، وتیشى: "ده‌بێت سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان له‌ پارێزگاكان پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ بن، بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان ناچارنه‌بن به‌هۆى كاتى زۆرى نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان، نه‌شته‌گه‌رى له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان بكەن".

له‌ هه‌رێمى كوردستان، 40 نەخۆشخانەی گشتی و نۆ نەخۆشخانەی منداڵان و حەوت نەخۆشخانەی ئافرەتان و هەشت نەخۆشخانەى فریاکەوتن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 850 بنكه‌ى ته‌ندروستى.

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure