دواڕۆژ مەرجەكانی گۆڕان بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانیان ئاشكرادەكات

هەواڵ / کوردستان :: 17/03/2019‌ :: 815‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان مەرجەكانی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر و پلەكانی دیكەی خوار وەزیر جیاكردەوە و لەكۆبوونەوەی داهاتووی جڤات، لیژنەی تایبەتی بۆ دروست دەكرێت.


چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان (ئەمشەو 17ی ئازاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتدا، خانەی راپەڕاندن مەرجەكانی كاندیدەكانیان وەك پڕۆژە هێنابوو كە دیارە ئەوانیش پشتیان بەستوە بە خەڵكانی بەئەزموون و شارەزا و توێژی جیاواز و جڤاتیش زیاد و كەمیان كرد و پاشان خانەی راپەڕاندن ئەو كۆنووسەی ئەمڕۆ پوخت دەكەنەوە.

بەوتەی ناوبراو: "مەرجی پۆستی وەزیر و پۆستەكانی دیكە لە بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان جیاوازن و بۆ وەزیر لەبەرئەوەی پۆستێكی سیاسییە، دەبێت دڵسۆزی و لێهاتوویی و ئەزموونی  سیاسی و ئیداری و كەسایەتی كۆمەڵایەتی ئەو كەسە رەچاو بكرێت، خوار وەزیرەكانیش هەمان مەرجەكانی وەزیر، پاشان ئەو كاندیدە لایەنی بڕوانامەی شایستە بێت و خزمەتی وەزیفیشی بەپێی ئەو رێنماییانە بێت كە حكومەتی هەرێم دەریكردون". 

موهەندیس جەختیكردەوە: بڕیاریانداوە دوای پوختەكردنی كۆنووسی ئەمڕۆ لەلایەن خانەی راپەڕاندنەوە، جارێكی دیكە جڤاتی نیشتمانی كۆبوونەوە دەكات بۆ دروستكردنی لیژنەی تایبەت بە تاووتوێی كاندیدەكان.

هەروەك وتیشی: "مۆڵەت بۆ سیڤییەكان دیارە كە نابێت زۆر بخایەنێت، رەنگە 600 تا 700 سیڤیش پێشكەشكرابێت".

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure