هه‌ولێر: دووه‌مین پێشانگەى نێوده‌وڵه‌تى گه‌شتیاریى كرایه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 322‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 

 

(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى ئازارى 2019) به‌ به‌شدارى 250 كۆمپانیا دووه‌مین پێشانگەى نێوده‌وڵه‌تى له‌ بوارى گه‌شتیاریى كرایه‌وه‌. 

ئه‌بو به‌نگین، سه‌رپه‌رشتیارى پێشانگەى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌م پێشانگەیه‌ به‌ دووه‌مین پێشانگەى تایبه‌تى بوارى گه‌شتیارى داده‌نرێت كه‌ 250 كۆمپانیاى گه‌شتیارى له‌ 20 وڵاتى جیاوازه‌وه‌ به‌شدارییان تێدا كردوه‌.

وتیشى: "به‌ كردنه‌وه‌ى پێشانگەكه‌ هانى زۆرێك له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان ده‌ده‌ین بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان و ره‌وشى ئارامى كوردستان ببینن، چونكه‌ دواى ئه‌وه‌ى داعش هاته‌ ناوخاكى عێراق و به‌شێكى هه‌رێمى كوردستانى داگیركرد خه‌ڵكى بیانى ترسیان هه‌بوو كه‌ بێنه‌ ئێره‌ و سه‌ردانى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان بكه‌ن".

سه‌رپه‌رشتیارى پێشانگەى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌مساڵ 14 پێشانگە له‌ پێشانگەى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، تائێستا چوار پێشانگە كراونه‌ته‌وه‌ و هه‌شت پێشانگەى دیکەش له‌ مانگه‌كانى داهاتوو ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى نیساندا گه‌وره‌ترین پێشانگەى نێوده‌وڵه‌تى بۆ كتێب ده‌كرێته‌وه‌. 

هاوكات نادر روستى، وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئامانج له‌ كردنه‌وه‌ى پێشانگەكه‌ بۆ راكێشانى كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانه‌ له‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، چونكه‌ ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار چه‌ندین رێككه‌وتنى گه‌شتیارى له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئاسیایى كردوه‌ و ئه‌مساڵیش پێشبینى هاتنى زۆرترین گه‌شتیار ده‌كرێت بۆ ناو هه‌رێمى كوردستان و به‌تایبه‌ت له‌ رۆژانى نه‌ورۆز  پێشبینى ده‌كه‌ین نزیكه‌ى 500 هه‌زار گه‌شتیار بێنه‌ هه‌رێمى كوردستان. 

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure