"وه‌ره‌ بۆ ئێره‌" هاوارى ئه‌و ئه‌فغانییه‌ى ده‌یان كه‌سى له‌ رووداوى مزگه‌وته‌كانى نیوزله‌ندا ده‌ربازكرد

هەواڵ / جیهان :: 17/03/2019‌ :: 20634‌ جار بینراوە
عەبدولعەزیز.. ئه‌و كه‌سه‌ى رووبه‌ڕووى هێرشبه‌ره‌كه‌ى نیوزله‌ندا بوه‌وه‌

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

كاتێك ده‌نگى ته‌قه‌ دێت ده‌وترێت ئه‌وكات هه‌ڵوێستى روون و پاڵه‌وانى راسته‌قینه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، عه‌بدولعه‌زیزى به‌ بنه‌ڕه‌ت ئه‌فغانى و خزمه‌تكار له‌ مزگه‌وتى لینوود له‌ نیوزله‌ندا له‌ دۆخێكى ئاوادا توانى پاڵه‌وانێتیه‌كى تایبه‌ت نیشانبدات و ده‌یان كه‌س رزگاربكات و تۆمه‌تبارى كۆمه‌ڵكوژى مزگه‌وته‌كانى ئه‌و وڵاته‌ ناچار به‌ هه‌ڵهاتن بكات.


هه‌ینى رابردوو برینتۆن تارانت (تەمەن 28 ساڵ)ى ئوستراڵى هێرشێكى چه‌كدارى كرده‌سه‌ر نوێژخوێنانى مزگه‌وتى نور و پاشان رووى له‌ مزگه‌وتى لینوود كرد، به‌ر له‌وه‌ى ناچار به‌ هه‌ڵهاتن بێت.

به‌شى یه‌كه‌مى كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ له‌ مزگه‌وتى نور روویدا دواى ئه‌وه‌ى 41 كه‌س كوژران و ده‌یانى دیكه‌ش برینداربوون، پاشان تارانت به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى به‌ره‌و مزگه‌وتى لینوود به‌ڕێكه‌وت كه‌ پێنج كیلۆمه‌تر دووربوو له‌وێش نۆ كه‌سى تر كوژران و به‌مه‌ش كۆى كوژراوانى رووداوه‌كه‌ گه‌یشته‌ 50 كه‌س.

كاتێك ئه‌و هێرشبه‌ره‌ رووى له‌ مزگه‌وتى دووه‌م كرد له‌ شارى كرایسچیرچ، عه‌بدولعه‌زیز (ته‌مه‌ن 48 ساڵ) رووبه‌ڕووى هێرشبه‌ره‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ و هاوارى ده‌كات به‌ روویدا: "وه‌ره‌ بۆ ئێره‌".

(عەبدولعەزیز) كه‌ 25 ساڵ لە ئوستڕالیا ژیاوە‌ و دوو ساڵە چووەتە نیوزلەندا و دوو له‌ كوڕه‌كانى له‌گه‌ڵ نزیكه‌ى 60 بۆ 70 كه‌سى تردا له‌نێو مزگه‌وته‌كه‌دا بوون دەڵێ: "تارانت جلی سەربازی لەبەردابوو، نەمزانی كەسێكی باشە یان خراپ، بەڵام كە جنێوی پێدام لێی تێگەیشتم".

وتیشى: "كە زانیم لە مزگەوتەكە تەقە كراوە، بەرەو رووی تارانت رۆیشتم ‌و تەنها ئامێرێكی راكێشانی پارەم پێ بوو، تارانت بەرەو ئۆتۆمبێلەكەی رۆیشت‌ و چەكێكی دیكەی هەڵگرت، منیش لەنێو ئۆتۆمبێلەكاندا خۆم حەشاردا، دواتر ئەو چەكەم هەڵگرتەوە كە تارانت فڕێی دابوو‌ میلم كێشایەوە، بەڵام فیشەكی تێدانەبوو.. ویستم سەرنجی لەسەر مزگەوتە لابدەم، هاوارم لێكرد: وەرە بۆ ئێرە".

ئه‌وه‌شى وت: "تارانت چووە مزگەوتی (لینوود)، منیش دوایكەوتم‌ و جارێكی دیكە رووبەڕووی بوومەوە، كە بینیمی چەكم پێیە بەرەو ئۆتۆمبێلەكەی رایكرد، منیش شوێنی كەوتم".

عەبدولعەزیز دەڵێ: چووە نێو ئۆتۆمبێلەكەی‌ و دانیشت، منیش چەكەكەم بەدەستەوە بوو، كێشام بە شووشەی ئۆتۆمبێلەكەدا، جنێوێكی پێدام‌ و دەرچوو، به‌ر له‌وه‌ى دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیربكرێت.

كە گەڕامەوە بۆ مزگەوتەكە هەمووان لە حاڵی ترس‌ و دڵەڕاوكێدا بوون، وتم: برایان هەستن، ئەو رایكرد، ترستان نەبێ، ئێوە لە ئارامییدان.

له‌تیف علابى، پێشنوێژی مزگەوتى لینوود دەڵێ: ئەگەر ئازایه‌تى عەبدولعەزیز نەبووایە ژمارەی قوربانییەكان زۆر زیاتر دەبوو.

رۆژی هەینی رابردوو، لە سەنتەری شاری كرایسچیرچ لە ویلایەتی ساوس ئایلەندی نیوزلەندا هێرشی چەکداری کرایەسەر دوو مزگەوت و زیاتر لە 80 كەس بوونە قوربانی.

هێرشبەرەكە دوێنێ له‌ به‌رده‌م دادگای نیوزله‌ندا ئاماده‌بوو و تۆمه‌ته‌كانی ئاراسته‌كرا و بڕیاره‌ بۆ جارێكی تر له‌ 5ی مانگی نیسانی داهاتوودا بچێته‌ به‌رده‌م دادگا.

هاوكات به‌رپرسانی نیوزله‌ندا ئاشكرایانكرد: له‌سه‌ر ئه‌و رووداوی هێرشكردنه‌ چوار كه‌سی تریان ده‌ستگیركردووه‌ کە یه‌كێكیان ئافره‌ت بووه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure