بۆچی قاسم سلێمانی لەدیداری نێوان رۆحانی و سیستانی بەشدارنەبوو؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/03/2019‌ :: 8276‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


دەیڤد پێترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراق، لە فیلمێكی بەڵگەنامەییدا كە بەرهەمی (بی بی سی)یەو  لەو كەناڵەدا بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: "لە ساڵی 2007دا قاسم سلێمانی لە ناردنی پەیامێكدا لە رێی جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق پێیوتم: "كونتڕۆڵی سیاسەتەكانی ئێران لە عێراق، ئەفغانستان، سوریا و غەزە لە ژێر دەستی مندایە، بۆیە تۆ دەبێت واز لە دیپلۆماتەكانی ئێران و شوێنەكانی دیكە بێنیت و لەگەڵ مندا  لەسەر بەسڕە رێككەوتن بكەیت".


ئەو گێرانەوەیە لەو فیلمە بەڵگەنامەییە بابەتێكی نوێ نییە، بەڵام جەختكردنەوەیەكی چەندبارەیە لەسەر ئەوەی قاسم سلێمانی لە زۆربەی بابەت، كێشە و قەیرانەكانی ناوچەكەدا و بە تایبەت لە عێراق كەسی یەكەمی دیپلۆماسی ئێرانە.

سلێمانی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق هەڵدەبژێرێت، ئیرەج مەسجێدی، باڵیۆزی ئێستای ئێران لە عێراق كە لە ساڵی 2016وە لەو پۆستەدایە، پێشتر راوێژكاری باڵای سوپای قودسی پاسداران بووە.

قاسم سلێمانی دەیانجار لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە عێراقدا بەشدار بووە و فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراقیش خۆی بە سەربازی ئەو دەزانێت.

ئەو فەرماندەی سوپای پاسدارانە، نەک تەنیا لە هاوسەنگكردن، رابەڕیكردن و وروژاندنی میلیشیاكانی عێراق دژ بە حكومەتی ئەو وڵاتە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، بەڵكو لە رێگریكردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەم وچاو و دەستی یەكەمی ئەو یارییە بووە.

لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا باس لەوەشكراوە: تەنانەت زۆربەی زۆری پەرلەمانتارەكانی پەرلەمانی عێراقیش  ژێر دەستی ئێرانن و پەرلەمانیش لە ژێر دەسەڵات و كاریگەری ئێراندایە.

سەرەڕای گشت ئەو شتانەی باسكرا، لە دیداری نێوان حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران و عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق، لە رۆژی چوارشەممە 13ی ئازار  لە شاری نەجەف، قاسم سلێمانی بەشدار نەبوو.

 

ئەم ئامادەنەبوونەی سلێمانی لە حاڵێكدایە كە هاوكات لەگەڵ گەشتی رۆحانی بۆ عێراق و یەك رۆژ پێش چاوپێكەوتنی لەگەڵ سیستانی، پێگەی راگەیاندنی حكومەتی ئێران گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا داوایان لە بەرپرسانی عێراق كردوە پێویست ناكات لەگەڵ هیچ یەك لە دەسەڵات و بەرپرسانی سەربازی ئێران گفتوگۆ بكرێت و تەنها دەتوانن لەگەڵ حەسەن رۆحانی وەكو سەرۆكی حكومەتی ئێران ئەو گفتوگۆیانە ئەنجام بدەن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتەیە، گومانەكان چووە سەر ئەوەی بەرپرسانی حكومەتی ئێران لەگەڵ بەشداری قاسم سلێمانی لەو چاوپێكەوتنەدا رەزامەند نەبوون و پێویست بوونی چاودێری حكومەتی ئێران بەسەر رووداو و بابەتە ناوچەییەكان کە زەق كراوەتەوە.

ئەم بابەتە كە لە دوای كەشی پڕ لە قسە و باسی دوای سەردانەكەی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا بۆ تاران و دیدار لەگەڵ حەسەن رۆحانی بە ئامادەبوونی قاسم سلیمانی و ئامادەنەبوونی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە، بووە جێی قسە و باس، دەتوانێت زۆرتر ببێتە جێی سەرنج و تێڕوانین.

هەروەها ئامادەبوونی زەریف لەدیداری  نێوان رۆحانی و سیستانی بەبێ بەشداری سلێمانی، هەلی خۆدەرخستنی زیاتری بۆ زەریف بەرامبەر فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رەخساندووە.

بەڵام ئەگەر لە چاوی لایەنەكەی دیكەی ئەو دیدارە ئەیەتوڵا عەلی سیستانی بڕوانینە بابەتەكە، دەبینین ئەو بابەتە لەو روانگەیەوە جێی سەرنج و بایەخە كە میدیاكان لەم دەیەیەی دواییدا هەمووكات باسیان لە جددی بوونی و قورسگرتنی  قبوڵكردنی دیدار و چاوپێكەوتنە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی سیستانی كردوە و دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆحانی میدیاكان باسیان لەوە كردوە، سیستانی پێشتر چاوپێكەوتنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێرانی رەتكردوەتەوە.

لەم نێوانەدا بابەتێكی بەرچاوی دیكە ئەوەیە لە مەودای ئامادەبوون و دەستڕۆیشتوویی سلێمانی لەم ساڵانەدا، عەلی سیستانی هیچكات پاڵپشتی لەو فەرماندەیە و  كردەوەكانی نەكردوە.

لە كۆتاییدا ئەوەی روویدا هەوادران و لایەنگرانی سلێمانی تووشی نائۆمێدی كردوە و هەمیش گومانەكانی لەسەر ناڕەزامەندبوونی ئەو مەرجەعە شیعەیەی لەسەر زیادبوونی دەستڕۆشتوویی سلێمانی لە عێراق بە هێزتركردوە.

وەرگێڕانی: ئازوو محەمەد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure