له‌ناوچه‌یه‌كی كوردستانى چوار چەکداری داعش كوژران

هەواڵ / کوردستان :: 17/03/2019‌ :: 510‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 17ى ئازارى 2019)  له‌ سنوری ناحیه‌ی مه‌نده‌لی سه‌ر به‌ قه‌زاى خانه‌قین چوار چەکداری داعش له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌  كوژران كه‌ ویستویانه‌ هێرشبكه‌نه‌ سه‌ر بینای پارێزگای دیاله‌.

 

غالب عه‌تیه‌، وته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی پۆلیسی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوان له‌ ناوچه‌ی نه‌دای سه‌ر به‌ ناحیه‌ی مه‌نده‌لی له‌ سنووری پارێزگای دیاله‌ هه‌ڵمه‌تێكی تایبه‌تیان ئه‌نجامدا و تێیدا شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان گروپێكی تیرۆریستى سەر بە داعش و هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا روویدا". 

وتیشی: "له‌ ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا له‌ دۆڵی قزلاقز گروپێكی تیرۆریستی سەر بە داعش كه‌ ژماره‌یان چوار كه‌س بوون كوژران و له‌ به‌رامبه‌ریشدا پۆلیسێك برینداربووه‌ و ته‌رمی كوژراوه‌كانیش كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان". 

 ئاشكراشیكرد: كه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌پێی زانیاری پێشوه‌خت بووه‌ له‌سه‌ر جموجۆڵی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان بۆ ئاشكرا بووه‌ كه‌ گروپه‌كه‌ ویستویانه‌ هێرش بۆ سه‌ر بینای پارێزگای دیاله‌ ئه‌نجامبده‌ن. 

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure