سه‌ركردایه‌تیه‌كى یەکێتی: لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستەکانی حکومەت رێکنەکەوتووین

هەواڵ / کوردستانی :: 17/03/2019‌ :: 604‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت: هۆکاری بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی له‌ كۆبونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان لەسەر پۆست و لیژنەکان نییە دەشڵێت: "راستە یەکێتی و پارتی رێککەوتنیان واژۆکردووە، بەڵام هێشتا لەسەر پۆستەکانی حکومەت رێکنەکەوتوون".


بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیى نیشتیمانى كوردستان (ئەمڕۆ یەکشەممە 17ى ئازاری 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: تاڕادەیەکی زۆر لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر دابەشکردنی سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان، یەکێتیش بەپێی بەرکەوتەی خۆی داوای سەرۆکی لیژنەکانی پێشمەرگە و دارایی و رۆشنبیری و پەیوەندییەکان و چەندین جێگری دیکە دەکات، سبه‌ینێش سەرجەم لیژنەکان یەکلادەکرێنەوە.

سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنەکانی پەرلەمان، بێگەرد تاڵەبانی وتی: "پەیوەندی بە پۆست و لیژنەکانی ناو پەرلەمانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پۆستەکانی حکومەتەوە هەیە کە رێککەوتنی لە نێوان یەکێتی و پارتی دەوێت".

رۆژی دووشەممە 4ی ئازار نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی رێککەوتنی نێوان هه‌ردوو حزبیان واژۆكرد.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى باسی لەوەشکرد: "هێشتا دیارنییە کە ئایا لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بەشداری کۆبوونەوەکان دەکەین یان نا، چونکە راستە رێککەوتن لەنێوان پارتی و یەکێتی واژۆکراوە، بەڵام لەسەر پۆستەکانی حکومەت هەردوولا رێکنەکەوتوون و تا رێکنەکەون بەشداری دانیشتنەکان ناکەین، دیاریش نییە کەی رێکدەکەون".

له‌ 30ى ئه‌یلولى 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و له‌ 18ى شوباتى رابردووش به‌بێ ئاماده‌بوونى فراكسیۆنى یه‌كێتى په‌رله‌مانى كوردستان دانیشتنى ته‌واوكارى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ئه‌نجامدا.

له‌و كۆبونه‌وه‌یدا به‌شێوه‌ى كاتى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنى پارتى دیاریكرا، تا ئه‌وكاته‌ى یه‌كێتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كان و كاندیدى خۆى بۆ پۆسته‌كه‌ دیاریده‌كات، به‌ڵام دواتر باس له‌وه‌كرا كه‌ یه‌كێتى ده‌خوازێت له‌جیاتى ئه‌و پۆسته‌، پۆستى دیكه‌ وه‌ربگرێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure