هه‌سه‌ده‌: له‌ دوو مانگدا 30 هه‌زار كه‌س خۆیان راده‌ستكردووه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 17/03/2019‌ :: 130‌ جار بینراوە
وته‌بێژى هه‌سه‌ده‌: هه‌ڵمه‌تی شه‌ڕڤانان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوھه‌رزی

هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتى (هه‌سه‌ده‌) رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ ماوه‌ى دوو مانگدا 29 هه‌زار و 600 كه‌س له‌میانه‌ى شه‌ڕى باهۆزدا خۆیان راده‌ستى هێزه‌كانیان كردووه‌.


ئه‌و ئاماره‌ له‌میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا ئاشكراكرا كه‌ (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ی ئازارى 2019) كینۆ گابرێل، وته‌بێژى هه‌سه‌ده‌ له‌ رۆژئاواى كوردستان ئه‌نجامیدا و ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ پێنج هه‌زار كه‌سیان سه‌ر به‌ گروپى داعش بوون و 520 چه‌كداریش له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون. 

گابرێل وتیشى: "هه‌ڵمه‌تی شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ له‌ دژی چه‌كدارانی داعش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و هه‌زاران هاووڵاتیی مه‌ده‌نی له‌ ده‌ستی ئه‌و گروپه‌ رزگاركراون و ئێستا چه‌كدارانی داعش له‌ سنوورێكی بچووكدا له‌ باغۆز گه‌مارۆدراون".

وته‌بێژی هه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "هێزه‌كانمان له‌سه‌ر زه‌وی و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ گورزی كوشنده‌ له‌ چه‌كدارانی داعش ده‌ده‌ن و تائێستا 1306 چه‌كدارى داعش كوژراون و 82 شه‌ڕڤانیش شه‌هیدبوون".

پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure