به‌بێ ئاگادارییان پشكه‌كانى یه‌كێتی له‌ پۆسته‌ باڵاكانى دادوه‌رى پڕده‌كرێنه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/03/2019‌ :: 341‌ جار بینراوە
یه‌كێتى هۆكارى سه‌ره‌كى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونى پارتى به‌ رێككه‌وتنى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان

دواڕۆژ، عیسا عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌بێ ئاگاداری یه‌كێتی، پشكی ئه‌و حزبه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی داواكاری گشتی و ئه‌نجومه‌نه‌كانی دادوه‌ری و شورای هه‌رێم پڕده‌كرێنه‌وه‌، به‌رپرسێكی ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت: "له‌ مێژووی حكومڕانی هه‌رێم نه‌بووه‌، هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ له‌لایه‌ن یه‌ك حزبه‌وه‌ كۆنتڕۆڵبكرێت".


له‌كاتی خانه‌نشینبوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌كانیان یان وازهێنانیان به‌هه‌ر هۆكارێكی دیكه‌، پشكه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی (ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، ئه‌نجومه‌نی شورا و داواكاری گشتی) پڕده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ته‌نها له‌و باره‌یه‌وه‌ نین، به‌ڵكو یه‌كێتى هۆكارى سه‌ره‌كى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونى پارتى به‌ رێككه‌وتنى دابه‌شكردنى پۆسته‌كان.

پۆسته‌كانى ئه‌نجومه‌ن و دامه‌زراوه‌ دادوه‌رییه‌كانى هه‌رێم به‌پێى یاسا له‌ماوه‌ى نێوان ساڵانى 1992 تا 2007 پێكهێنراون.

تاوه‌كو ساڵی 1992 کاری سەرجەم دادگاکانی کوردستان بە یاسای ژمارە (160)ی ساڵی (1979) رێکدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغدا بوون، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1992 په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (14)ی ساڵی 1992 دەرچوو، کە لە رێکەوتی 14ی كانوونی یه‌كه‌می 1993 خرایه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ژێر رۆشنایى یاساكه‌شدا سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دامەزرا كه‌ سەر بە وەزارەتی دادی هەرێم بوو.

به‌ڵام دوای دەرچوونی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (23)ی ساڵی (2007)، کە لە رێکەوتی 5ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچوو، دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ لە رووی کارگێری و داراییەوە دامەزرا و دەسەڵاتی دادوەری بە تەواوەتی جیاكرایه‌وه‌ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەنجومەنی دادوەری هه‌رێم دروستبوو.

ئەنجوومەنی دادوەری پێكدێت له‌: سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە و جێگرەکانی، سەرۆکەکانی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەى (هەولێر – دهۆك – سلێمانی – کەرکوك/گەرمیان)، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و سەرۆکی داواکاری گشتی، ئه‌م پۆستانه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر راسپارده‌ى هه‌ردوو لایه‌نى پارتى و یه‌كێتى پڕده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌سه‌ر دابه‌شكارى و پڕكردنه‌وه‌كه‌ى نیگه‌رانى دروستووه‌.

یه‌كێتی نیگه‌رانه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی پشكه‌كانی له‌هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌كه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن پارتی، بۆیه‌ داوایكردووه‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم چوار ئه‌نجومه‌نی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم له‌ پشكی یه‌كێتی دابندرێت.

زوبێر عوسمان، جێگری سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی پۆسته‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌ی 50 به‌ 50 دابه‌شكران، به‌ڵام پارتی پابه‌ندنه‌بوو به‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی دیكه‌ به‌مه‌ش ناهاوسه‌نگی ده‌ستیپێكرد، چونكه‌ پارتی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كارهێنا.

وتیشی: "پڕكردنه‌وه‌ی پشكه‌كانی یه‌كێتی له‌ دامه‌زراوه‌ گرنگانه‌ زه‌وتكردنی مافی یه‌كێتییه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌دوای ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر بووه‌ بۆ هه‌رێم پرسه‌كه‌ى گه‌وره‌ نه‌كرد".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌داخه‌وه‌ پارتی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی یه‌كێتی قۆستۆته‌وه‌ و به‌ نه‌فه‌سی حزبی پۆسته‌كانی پڕكردۆته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كێتی بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌ر كاتێك هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتی خانه‌نشین ده‌بێت یان به‌هه‌ر هۆكارێكی دیكه‌ وازده‌هێنێت، كه‌سێكی پارتی له‌ شوێنه‌كه‌ی دانراوه‌.

له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ له‌هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌كه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تی داد، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوای خانه‌نشینبوونی دادوه‌ره‌كان یاخود پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان یاخود وازهێنانیان به‌هه‌ر هۆكارێكی دیكه‌، ئه‌و پۆستانه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ پڕناكرێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ی گرنگن و نابێت به‌ به‌تاڵی بمێنێته‌وه‌، بۆیه‌ زۆرجار به‌شێوه‌ی كاتی له‌لایه‌ن پارتی پڕده‌كرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوخۆیه‌وه‌ یه‌كێتی ناتوانێت ئه‌و پۆستانه‌ پڕبكاته‌وه‌. 

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی خۆی پۆسته‌كانی هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌كه‌ پڕناكاته‌وه‌، زوبێر عوسمان، وتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌، چونكه‌ یه‌كێتی كادر و حاكم و پارێزه‌ری به‌توانا و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رزی هه‌یه‌ و ده‌توانێت له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا پۆسته‌كان پڕبكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ گرنگانه‌ داگیركراون و نه‌دراونه‌ته‌وه‌ یه‌كێتی".

وتیشی: "له‌ مێژووی حكومڕانی هه‌رێمدا نه‌بووه‌، هه‌رچوار سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لای یه‌ك حزب كۆنتڕۆڵ بكرێت‌، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌بینین هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ لای پارتییه‌، به‌ڵام چیتر یه‌كێتی ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات".

له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی یه‌كێتی، دواڕۆژ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسانی هه‌رسێ دامه‌زراوه‌كه‌ كرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بده‌ن، هاوكات به‌رپرسانی پارتی_ش ئاماده‌نین له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ لێدوان بده‌ن.

پێکھاتەی ئەنجومەنی شورای ھەرێم
دەستەی سەرۆکایەتی، ئەم دەستەیە پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و جێگری سەرۆک و راوێژکاری پێشکەوتوو، له‌ كۆی‌ نۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌،‌ شه‌شیان پارتی و سێیان یه‌كێتیین. 
دەستەی گشتی، دەستەی گشتی گەورەترین و گرنگترین دەستەیە لە ئەنجومەنی شورای ھەرێم، پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجومەن، جێگری سەرۆک، راوێژکاران، راوێژکارانی یاریدەدەر.
دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی ھەرێم له‌ چوار دادگای کارگێڕی پێكدێت، له‌:
• بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی دیوانی ئەنجومەن.
• بەڕێوەبەرایەتی خۆیەتی.
• بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری.
• بەڕێوەبەرایەتی کارگێڕی دادگای کارگێڕی.

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هه‌رێم، پێکھاتووە لە سەرۆک و  دوو جێگر،  دادوەرانی داواکاری گشتی ھەرێم لە دەستەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و تەواوی دادگاکان و فەرمانگەکانی داواکاری گشتی لە پارێزگاکان وشار و شارۆچکەکانی ھەرێم بوونیان، له‌وانه‌:
پەیمانگەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان
 سەرۆكایەتی دەستەی سەرپەرشتیاری دادی
  بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانووبەرە
 بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەکانی داد، بریتین له‌ (فەرمانگەکانی دادنووس، بەڕێوەبەرایەتییەکانی جێبەجێکردن و بەڕێوەبەرایەتیبەکانی چاودێری ناکامەکان).

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم
 ئەنجوومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت).



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure