نه‌وتی نێوان سوریا و عێراق له‌ دهۆك ده‌پاڵێورێت

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 186‌ جار بینراوە
"نه‌وت له‌ بیره‌كانی عه‌لیۆكا به‌تانكه‌ر له‌ رێگه‌ی سحێلا ده‌گوازرێتەوە"

دواڕۆژ، دهۆك

هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئازادكردنی ناوچه‌كانی رۆژئاوای پارێزگای موسڵ له‌ داعش، ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ كه‌وتنه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، هەرچەندە ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ و كۆمپانییای نه‌وتی باكور زانیارییان له‌سه‌ر بیره‌كانی نه‌وتی كێڵگه‌كانی عه‌لیۆكا (صفیە)ى سه‌ر سنوری عێراق نیه‌، به‌ڵام دواڕۆژ زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ ئاشكراده‌كات.


له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتى داعش-دا زۆربه‌ی بیره‌ نه‌وته‌كانی عه‌لیۆكا له‌كاركه‌وتبوون، ته‌نها 2-3 بیریان كارده‌كه‌ن و به‌رهه‌می ئه‌وانه‌ش نزیكه‌ی سێ هەزار به‌رمیله‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى پێشتر د. بێوار خنسی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌ رایگەیاندبوو.

به‌ڵام سه‌رچاوه‌یەك له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سحێلا كه‌ نزیكه‌ له‌ عه‌لیۆكا بۆ دواڕۆژ وتی: "به‌رده‌وام نه‌وت له‌ بیره‌كانی عه‌لیۆكا به‌تانكه‌ر له‌ رێگه‌ی سحێلا ده‌گوازرێتەوە، به‌ڵام ئه‌وان نازانن به‌رەو كوێ ده‌چێت و كێ ئه‌و په‌تڕۆڵه‌ به‌كاردێنێت".

به‌پێى به‌دواداچوونی دواڕۆژ تانكه‌ره‌كانى ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ ده‌چنه‌ پاڵاوگه‌كانی كواشێ، له‌ قه‌زای سێمێل و له‌و پاڵاوگانه‌ جیاده‌كرێنەوە.

پێش هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر موسڵ، رۆژانه‌ نزیكه‌ی 10 هەزار به‌رمیلی نه‌وت له‌ عه‌ینزاله‌ و عه‌لیۆكا و به‌تمه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی گه‌یاره‌ ده‌پاڵاوێوران، به‌ڵام دوای هێرشه‌كانی زۆرێك له‌ به‌شه‌كانی ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ له‌ كاركه‌وتن و نه‌وتی عه‌لیۆكا-شی بۆ ناچێت.

دوایئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌زگایەکی راگه‌یاندن له‌ عێراق باسیان له‌ دزی نه‌وتی موسڵ كرد، رۆژی 2ی مانگی رابردوو‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكوور رایگه‌یاند: هه‌موو كێڵگه‌كانی نه‌وتی موسڵ به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ئیداری و هونه‌ری له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندا بووه‌ و هیچ نه‌وتێك نه‌فرۆشراوه‌.
 
داود جوندی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بۆ دواڕۆژ وتی: "ئه‌وان هیچ زانیارییەكیان له‌سه‌ر بیره‌ نه‌وتییه‌كانی موسڵ نیە، به‌ڵام ده‌زانن ئه‌و بیرانه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دایه‌". 

وتیشی: "به‌درێژای چوار ساڵی رابردوو، هیچ جارێك له‌لایه‌ن لایه‌نه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌ن باس له‌ مژاری بیره‌ نه‌وته‌كانی عه‌لیۆكا نه‌كراوه‌".

بیره‌ نه‌وته‌كانی عه‌لیۆكا به‌ دووری 120 كیلۆمه‌تر له‌ عه‌ینزالە-ن و ده‌كه‌ونه‌ باكوری رۆژئاوای پارێزگای موسڵ، ساڵی 1974 ده‌وڵه‌تی عێراق یه‌كه‌م بیری نه‌وت له‌و سنوره‌ هه‌ڵكاند.

له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، سه‌دام حسێن، سه‌رۆكی عێراق زۆرێك له‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كانی عه‌لیۆكا-ى به‌دیاری پێشكەشی سوریا كرد، به‌پێی وتەی د. بێوار خنسی: "بیره‌ نه‌وتیه‌ گەورەکان بووە کە پێشکەشی سوریا کرابوون".

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure