حكومه‌تی هه‌رێم 23 ملیار دینار قه‌رزی كۆمپانیاكانى ئێران ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 601‌ جار بینراوە
ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێم و ئێران له‌ پێنج ملیاره‌وه‌ بۆ حه‌وت ملیار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

له‌سه‌ر داوای وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندیداوه‌ له‌سه‌ر پێدانه‌وه‌ی 23 ملیار دینار قه‌رزی كۆمپانیا ئێرانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.


به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17ى  ئازارى 2019)  سایتى كونسڵگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ مورته‌زا عه‌بادی، كونسوڵی ئێران ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌ و به‌ڵێنى به‌ به‌پرسه‌ ئێرانیه‌كه‌ داوه‌ رێژه‌ی 20٪‏ی تری قه‌رزی كۆمپانیا ئێرانییه‌كان بداته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ى له‌ 15ی كانونی دووه‌مى 2019، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و شاندێكی بازرگانی ئێرانی سه‌ردانی  هه‌رێمی كوردستانیان كرد و شانده‌كه‌ داوای له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد هاوكار بێت له‌ پێدانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیا ئێرانییه‌كان و له‌دوای ئه‌و داواكارییه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و دارایی، له‌گه‌ڵ بازرگانانی ئه‌و وڵاته‌ كۆبوونه‌وه‌ و هه‌فته‌ی رابردووش رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا له‌ 20% قه‌رزی ئه‌و كۆمپانیانه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 23 ملیار دیناره‌.

عه‌بدوڵا ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ دواڕۆژى وت: "ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان هه‌رێم و كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ پێنج ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ حه‌وت ملیار دۆلار به‌رزبوه‌ته‌وه‌".

عه‌بدوڵا ئاكره‌یی ئاشكرایده‌كات كه‌ له‌ 25%ی كۆی گشتی هاورده‌كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئێرانه‌وه‌یه‌ و وتیشى: "359 كۆمپانیای ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان لقیان هه‌یه‌ و زۆربه‌شیان له‌ بواری بارزگانی چالاكن و كارده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ بوونی 135 كارگه‌ی ئێرانی له‌ هه‌رێمی كوردستان" .

پێداچوونه‌وه‌: هـ. ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure