باج لەسەر گەشتیارانی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵگیرا

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 621‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 


بەڕێوەبەری پاسپۆرت و نشینگەی حاجی ئۆمەران ڕایدەگەیەنێت: باج لەسەر ئەو گەشتیارانە هەڵگیرا كە لەدەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دێنە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: كە ئەو بڕیارە تا 25ی مانگی ئازاری ئەمساڵ كاری پێدەكرێت. 

 

موقەدەم زرار حوسێن، بەڕێوەبەری پاسپۆرت و نشینگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران (ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی ئازاری 2019) بەدواڕۆژی وت: "بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەك هەفتە باج لەسەر ئەو گەشتیارانە هەڵگیراوە كە لەماوەی ئەو هەفتەیەدا دێنە هەرێمی كوردستان و بڕیارەكەش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە". 

 

ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بڕیارە تا 25ی ئازار كاری پێدەكرێت و دواتر وەرگرتنی باج لە گەشتیاران دەستپێدەكاتەوە. 

 

بەڕێوەبەری پاسپۆرت و نشینگەی حاجی ئۆمەران ڕوونیشیكردەوە: هەر گەشتیارێك كە بێتە هەرێمی كوردستان بڕی 25 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت كە دەكاتە 260 هەزار تمەنی ئێرانی. 

 

باسی لەوەشكرد: بڕیارەكە هەموو گەشتیاران دەگرێتەوە بە بێ جیاوازی كە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان.  

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure