هەڵه‌یەکی تر لە مووچەی مامۆستایاندا دروستدەبێت

هەواڵ / ئابوری :: 17/03/2019‌ :: 12236‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ

له‌ قوتابخانه‌یه‌كی قه‌زاى سه‌ید سادق، له‌ كاتی وه‌رگرتنی مووچه‌دا بڕی پێنج ملیۆن دینار زیاده‌یان پێده‌درێت و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌، بانكه‌كه‌ش به‌ نوسراوێك سوپاسێكیان ئاڕاسته‌ ده‌كات.


به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ جیا لیستی مووچه‌ ئاماده‌ ده‌كات و ده‌چنه‌ بانكه‌كان و قه‌ره‌باڵغی دروست ده‌بێت، به‌رده‌وام هه‌ڵه‌ رووده‌دات و بانكه‌كان پاره‌ی كه‌متر یان زیاد ده‌ده‌نه‌ فه‌رمانگه‌كان، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووشدا چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك روویداوه‌.

له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ بانكه‌كاندا روویداوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ رانیه‌ 78 ملیۆن دینار زیاد درابووه‌ قوتابخانه‌یه‌ك، له‌ دهۆكیش بڕه‌ پاره‌یه‌كی زیاد درابووه‌ قوتابخانه‌یه‌كی تر، بانكێكیش له‌ هه‌ولێر بڕی 20 ملیۆن دینار زیادی دابووه‌ قوتابخانه‌یه‌ك، له‌ قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ید سادقیش پێنج ملیۆن دینار زیادیان پێدراوه‌و گه‌ڕاندوویانه‌ته‌وه‌ بۆ بانكه‌كه‌.

گواستنه‌وه‌ی پاره‌ به‌ ئۆتۆمبێلی فه‌رمانگه‌كان كه‌ زۆربه‌یان بیكاب و ئۆتۆمبێلی بچووكن، له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ گونجاو نین، بۆیه‌ مه‌ترسی دزین و ونبوونیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی پێشوو روویدا كه‌ ملیارێك و 200 ملیۆن دیناری مووچه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار له‌ سلێمانی دزرا.

به‌ پێی نوسراوێكی بانكی سه‌ید سادق 66 سوپاسی سێ مامۆستای قوتابخانه‌ی (خانه‌قه‌بیله‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ سه‌ید سادق) كردووه‌ كه‌ بڕی پێنج ملیۆن دینار زیادیان له‌ بانكه‌كه‌یان پێدراوه‌و گه‌ڕاندوویانه‌ته‌وه‌ بۆ بانكه‌كه‌.

پسپۆرێكی دارایی و بانكیش ده‌ڵێت: "دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌رێگه‌ى سیستمى بانكییه‌وه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ رووداوى دزینى پاره‌ى فه‌رمانبه‌ران دووباره‌ ببێته‌وه‌، چونكه‌ كاركردنی سیستمی بانكی جگه‌ له‌وه‌ی گرنگه‌ پاره‌ی كاشیش بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌". 

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure