سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هۆشداری دەداتە فراكسیۆنه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 17/03/2019‌ :: 498‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دوا واده‌ی بۆ فراكسیۆنه‌كانی نێو په‌رله‌مانی كوردستان داناوه‌، به‌مه‌به‌ستی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری لیژنه‌كان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ش فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 17ی ئازار، سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی نێو په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دوو دانیشتنی جیاوازدا به‌ جیا و دواتر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كۆده‌بنه‌وه‌, به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری هه‌ر 15 لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی په‌رله‌مان.

له‌كۆی هه‌ر 15 لیژنه‌ هه‌میشەییه‌كه‌ی په‌رله‌مان هەر لیژنەیەکی پەرلەمان 11 ئەندامی هەیە، لیژنه‌ سیادییه‌كانیش بریتین له‌ یاسایی، دارایی، ناوخۆ، پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان.

بەگوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن لەنێو لیژنەکان: پارتی و سۆسیالیست بە 69 ئەندام شەش بۆ حەوت لیژنەیان بەردەکەوێت، یەکێتی 30 ئەندام و سێ لیژنە، گۆڕان 18 ئەندام و دوو لیژنه‌، نەوەی نوێ 12 ئەندام و لیژنەیەك، کۆمەڵ 11 ئەندام و  لیژنەیەك، یەکگرتوو، هەشت ئەندام و لیژنەیەك، تورکمان شەش ئەندام، کریستیان نۆ ئەندام، ئازادی دوو ئەندام.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان فراكسیۆنه‌كانی نێو په‌رله‌مانی كوردستانیان ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، بۆ دانانی سه‌رۆكایه‌تی لیژنە هەمیشەییەکان بژارده‌ی رێککەوتن له‌ نێو خۆیان بگرنه‌ به‌ر، ئه‌گه‌ر نا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ نێو فراكسیۆنه‌كان به‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدان ئه‌و پرسه‌ یەکلاییده‌كاته‌وه‌.

 

ئازاد كوره‌چی، په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی پێكهاته‌ی توركمان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌لایه‌ن ده‌ستەی‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان فۆڕمی تایبه‌ت به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كان پێشكه‌شی فراكسیۆنه‌كان كراوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا فۆڕمه‌كان له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كان پڕ ده‌كرێته‌وه ‌و گفتوگۆی له‌باره‌‌وه‌ ده‌كه‌ن، سبه‌ی دووشه‌ممه‌ش دوا واده‌یه‌ بۆ ڕاده‌ستكردنی ناوه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان."

وتیشی: "فراكسیۆنه‌كان به‌ ته‌نها و دواتر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كۆده‌بنه‌وه‌."

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure